بەپێ بە رووباری دیجلەدا بپەڕەوە!
هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/10/2018 :: 2778 جار بینراوە
دواڕۆژ
ئەو ناونیشانەی سەرەوە، كۆمێنتی یەكێك لەو هاووڵاتیە عێراقیانەیە كە لەگەڵ چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی رووباری دیجلە لە ناو شاری بەغدای پایتەختی عێراق-ەوە بۆ رۆژنامەی (ئەلئەخبار)یان ناردووە.
دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی رووباری دیجلە، بارێكی قورسی سەر شانی حەیدەر عەبادی-ی سەرەك وەزیرانی ماوە تەواوبووی عێراق بوو كە بەچارەسەرنەكراوی خستیە سەرشانی حكومەتی داهاتووی عێراق.
هەواڵەكانی ناو بەغدا كە بە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی پشتڕاست دەكرێنەوە، ئاماژە بەوە دەدەن "رووباری دیجلە بەرەو وشكبوونی تەواو دەڕوات و لە چەندین شوێنی ناو رووبارەكەوە خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی فڕێدراو بەتەواوی دەركەوتوون". تەنانەت هەندێك لەو هەواڵانە دەڵێن "دیجلە لە هەندێك شوێندا وەك زەلكاوێكی لێهاتووە و دەتوانرێت لە بەرامبەر شەقامی ئەبونەواس-ەوە، بەپێ بەناویدا بپەڕیتەوە و لەم سەر بۆ ئەو سەر بیبڕیت".
قەیرانی بەرەو وشكبوونی رووباری دیجلە، یەكێك بووە لە تەوەرە سەرەكیەكانی كۆبوونەوەكەی دوێنێی نێوان بەرهەم ساڵح سەركۆمار و محەمەد حەلبوسی-ی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. سەرۆكی پەرلەمان بە سەركۆماری راگەیاندووە: بۆ بەشداریی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانەكانی ئەوروپا و ئاسیا (ئۆراسیا)، دەچێتە توركیا و لەپەراوێزی كۆبوونەوەكەیشدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە و عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، كە بۆ كۆبوونەوە ئۆراسیا-كە دەچێتە توركیا، باس لە دۆسیەی ئاوی هەرسێ وڵاتی عێراق و توركیا و ئێران دەكات.
ئەگەرچی لە باكور و باشوری وڵاتەوە، دەنگی ناڕەزایی لە كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و ئاوی پێداویستیەكانی رۆژانە و كشتوكاڵ و بەكارهێنانی لە بوارەكانی تردا، بەزبووەتەوە، بەتایبەت لە باشوری عێراق و بەدیاریكراوییش لە شارێكی گەورەی وەك بەسرە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی عێراق نەیانتوزانیوە رێگەچارەیەكی ریشەیی بۆ ئەو قەیرانە دابنێن، بۆیە پێشبینی دەكرێت قەیرانەكە درێژە بكێشێت و شەقامی عێراقی لە باشوورەوە بخاتەوە سەر رێڕەوی خۆپیشاندانە فراوانەكانیان و شەپۆلێكی تری ناڕەزایی لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان، لەپێش هەموویانەوە بێئاوی، سەر هەڵبداتەوە.
كەمئاوی و تێكەڵبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاوی ئاوەڕۆكان، بوونەتە هۆی ژەهراویبوونی زیاتر لە 4 هەزار كەس و گەیاندنیان بە نەخۆشخانەكان. بە دڵنیاییەوە دواكەسیان رامۆن پلیكوا-ی باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، نییە و نابێت!
سەرچاوە: ئەلئەخبار
ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید