توركیا "تیرۆریستی" چینی دروستدەكات

هەواڵ / جیهان :: 09/10/2018‌ :: 1175‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
لە چینەوە بۆ سوریا و لە رێگەی توركیاوە، بە هاوكاری دەزگای سیخوڕی توركیا هەزاران چینی لە كەمینەی (ئەیگۆر) گەیشتوونەتە باكوری سوریا. ئەمانە توندڕەون  و هاوپەیمانن لەگەڵ بەرەی نوسرە، زەویی ناوچەیەكیان بە پانتاییەكی فراوان بەدەستەوەیە.


ئەوان لە ژێر ناوی (حزبی توركستانی هاوڕێی بەرەی نوسرە) كارەكانیان ئەنجام دەدەن و نزیكەی حەوت هەزار چەكداردەبن، كەمینەی ئەیگۆر كە موسڵمانن، لە رێگەی توركیاوە دەگەنە سوریا، ئەمە وەك ئەوەی روانگەی سوریی بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بۆ دەكات.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان، ئەوان لەسەرەتای 2013 گەشتەكەیان دەستپێكردووە و لەسەرەتای 2014 لەناوچەیەكی نزیك سنوری توركیا و سوریاوە نیشتەجێبوون لە نزیك شاری ئیدلب.

دوای كەمتر لە ساڵێكیش لە ژێر ناوی حزبی ئیسلامی توركستانی بە فەرماندەیی عەبدولحەق توركستانی چالاكی و كردەوەی "تیرۆریستی"یان ئەنجامداوە.

ئێستا ئەوان لە ناوچەكانی لازقیەی سوریان لە ناوچەیەكن پێی دەوترێت جسر شهور و لەوێ لەگەڵ فەرماندەیی ئەسكەندەرۆن چالاكی ئەنجامدەدەن.

ئەوەی راپۆرتەكان ئاماژەیان بۆ كردووە، ئەوان دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەك باخی زەیتوون وزەوی ماڵی هاوڵاتیاندا لەو ناوچانەی لێوەی بڵاوبوونەتەوە.

ئەوان سیاسەتەكانی توركیا جێبەجێدەكەن و لە ژێر فەرمانڕەوایی دەزگای میتی توركیین.
بەپێی رێنمایی ئەوان ناوچەكان كۆنتڕۆڵ دەكەن و لێی دەمێننەوە، لەبەرامبەردا ئەوان هاوكاریی و ماددی و مەعنەویی هێزە چینییەكە دەكەن.

ئەیگۆرەكان، ژمارەیان زیاتر لە 24 ملیۆن كەسە و شوێنیان دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای چین و توركستانی پێدەوترێت.

بەشی ھەرە زۆریشیان دەكەوێتە ھەرێمی شینگیانگی چینی و بەشەکەی تری نەتەوەی ئەیگۆر بەسەر دەوڵەتەكانی تردا دابەش دەبن وەك كازاخستان، مەنگۆلیا، توركیا، ئەفغانستان، پاكستان، ئەڵمانیا، ئیندۆنیزیا، ئوسترالیا.
 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure