لەسەر جه‌مال خاشقجی توركیا داواکاری نوێی لە سعودیه‌ هەیە

هەواڵ / جیهان :: 08/10/2018‌ :: 246‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا داوا له‌ كونسوڵخانەی سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ده‌كه‌ن رێگه‌یان بده‌ن كونسوڵیه‌ته‌كه‌ بپشكنن، پاش دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نوسی دیاری سعودیه‌.

 

به‌پێی میدیا توركییه‌كان، داوای پشكنینی كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌دوای ئه‌وه‌دێت كه‌ بۆجاری دووه‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ تاوتوێكردنی دیارنه‌مانی خاشقجی بانگێشتی باڵیۆزی سعودیه‌ی له‌ توركیا كردووه‌.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌پێی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا،  له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی ھەنگاریا له‌باره‌ی دیارنه‌مانی رۆژنامه‌ونوسه‌ سعودییه‌كه‌وە وتی: "لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە بانگەشەی داواکاری گشتی بسەلمێنن، ئەگەر لەو شوێنە چووبێتە دەرەوە ئەوا پێویستە ئێوە بە گرتەی ڤیدیۆی ئەوە بسەلمێنن، پێویستە بیسەلمێنن، بەدواداچوون و چاودێریکردنی ئەم قۆناغە بۆ ئێمە ئەرکێکی سیاسی و مرۆییە".

 

وتیشی: "بەرپرسانی کونسڵخانە دەڵێن 'لێرە دەرچووە' بەڵام ناتوانن تەنیا بەم قسەیە خۆیان رزگار بکەن".

 

ئه‌وه‌شی خستووەته‌ڕوو: لێکۆڵینەوە لە ھاتن و چوونەکان بۆ نێو فڕۆکەخانەش دەکەین، لە ھاتن و چوونەکان دەرکەوتووە کە چەند کەسێک لە سعوودیە ھاتوون، لەمبارەیەوە داوکاری گشتی ھەموو جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکردووە.

 

هاوكات ئاژانسه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، سه‌دات ئوناڵ، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، باڵیۆز ئه‌لحیره‌یجی بانگهێشت كردووه‌.

 

سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌كردووه‌: ده‌سه‌ڵاتداره‌ توركییه‌كان داوای هاریكاری و هه‌ماهه‌نگییان له‌ باڵیۆزی سعودیه‌ كردووه‌ له‌باره‌ی دۆسییه‌ی دیارنه‌مانی خاشقجی. 

 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: ده‌ستگیرانی خاشقجی بەناوی (ه.ئا) دوواین كه‌س بووه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ جه‌مال خاشقجی بینیووه‌، به‌ رۆژنامه‌نووسانیشی راگه‌یاندوە تا به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌بوون، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی خاشقجی چووه‌ته‌ ژووره‌وه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

 

كونسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ ئەستەنبوڵ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی به‌درۆخسته‌وه‌ و رایگه‌یاند: خاشقجی "هاتووه‌ته‌ كونسوڵخانه‌، به‌ڵام دواتر كونسوڵخانه‌ی جێهێشتووه‌.

 

رۆژی چوار شه‌ممه‌ی رابردووش بۆ یەکەمجار ئه‌لحیره‌یجی باڵیۆزی سعوودیه‌ لە ئه‌نقه‌ره‌، بانگهێشتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كرابوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان بابه‌ت.





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure