تراجیدیایه‌ك له‌ كوردستاندا
ئافره‌ت بیت و نه‌خۆشیی ده‌روونیت هه‌بێت!

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/10/2018‌ :: 1883‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
تاقه‌ هیوایه‌ك بۆ له‌خۆگرتنی ئافره‌تانی تووشبوو به‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌ ده‌روونییه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو عێراقیشدا، نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونى-یه‌ كه‌ له‌ چه‌په‌كێكدا له‌ ناوچه‌ى (تاسڵوجه‌) نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دروستكرا و خه‌می توێژێكی تایبه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی له‌كۆڵگرتووه‌.

سۆزی ده‌روونی، كه‌ جێگه‌ی ته‌نیا حه‌فتا نه‌خۆشی تێداده‌بێته‌وه‌، به‌شی هه‌موو حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ درێژخایه‌نه‌كان ناكات، له‌به‌رئه‌وه‌ په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر میكانیزمی تایبه‌ت بۆ وه‌رگرتنی نه‌خۆش. 


سه‌باره‌ت به‌و میكانیزمه‌، خاتوو مونیره‌ عه‌بدوڵـڵا عه‌زیز، توێژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌، بۆ دواڕۆژ وتی:"بۆئه‌وه‌ی نه‌خۆش لێره‌ وه‌ربگیرێت پێویسته‌ سه‌ره‌تا نه‌خۆشه‌كه‌ بچێته‌ لیژنه‌ی تایبه‌تی پزیشكی و له‌وێ حاڵه‌ته‌كه‌ی دیاریی بكرێت. ئێمه‌ لێره‌ ته‌نیا دوو جۆر نه‌خۆش وه‌رده‌گرین، ئه‌وانیش شیزۆفرینیا و تێكچوونی درێژخایه‌نی مه‌زاج-ن. پاش دیاریكردنی حاڵه‌ته‌كه‌ی پێویسته‌ ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان بێت هه‌تا نه‌خۆشێك ده‌رده‌چێت و شوێنی به‌تاڵ په‌یدا ده‌بێت. مه‌رجێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ كه‌سوكاری هه‌بێت و به‌ڵێن بده‌ن كه‌ واز له‌ نه‌خۆشه‌كه‌یان ناهێنن و مانگی جارێك سه‌ردانی بكه‌ن". مونیره‌ عه‌بدوڵـڵا-ى توێژه‌ر، ده‌ڵێت:"مه‌رجێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت پاك و خاوێنی خۆی رابگرێت". 

دیاریكردنی هه‌موو ئه‌م مه‌رجانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ زیاد له‌ توانای خۆی گوشاری له‌سه‌ره‌ و كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریی گرنگیشی پێ دابین ناكرێت. 

خاڵێكی دیكه‌ مه‌سه‌له‌ی لاوازبوونی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ خاتوو مونیره‌ ده‌ڵێت:"زۆرجار كه‌سوكاری نه‌خۆش راستییه‌كانمان پێ ناڵێن. نه‌خۆش هه‌بووه‌ چه‌ندین ساڵ لێره‌ ماوه‌ته‌وه‌ و پاشان كه‌ سه‌ردانی ماڵه‌كه‌یمان كردووه‌ بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ مه‌به‌ستی خێزانه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌خۆشه‌كه‌یان له‌كۆڵبێته‌وه‌. حاڵه‌تمان هه‌یه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ ته‌له‌فون داده‌خه‌ن یان سه‌ردانیان ناكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ ناچار ده‌بین له‌ رێگه‌ی ئاسایش-ه‌وه‌ بیاننێرینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌". 

چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشانه‌ له‌ نێوان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی روو له‌ هه‌ڵوه‌شان و حكومه‌تێكی كه‌م ده‌رامه‌تدا چاره‌نووسێكی گه‌ش نییه‌، به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌ درێژخایه‌نه‌كانی ژنان ده‌كات، هه‌ر له‌ دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانه‌وه‌ تا هه‌وڵدان بۆ راهێنانه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ رووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. 


مونیره‌ ده‌ڵێت:"نه‌خۆشخانه‌كه‌مان شوێنی چه‌ندین وه‌رزشی جۆراوجۆر و كتێبخانه‌ و كاتبه‌سه‌ربردنی به‌سوودی تێدایه‌ و رۆژانه‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و ته‌نانه‌ت هانیان ده‌ده‌ین بره‌و به‌ به‌هره‌كانیان بده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئیشی ده‌ست-دا. سه‌نته‌ره‌كه‌مان چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌ستڕه‌نگینی تێدابووه‌". 

دیاره‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ بێ كه‌موكووڕی نییه‌ و له‌گه‌ڵ ستاندارده‌ جیهانییه‌كاندا نایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌نگاوێكی زۆر گه‌وره‌ی هاویشتووه‌ و به‌ هاوكاری رێكخراوی یه‌كێتی ژنانی كوردستان له‌ ماوه‌ی ئه‌و نۆ ساڵه‌دا فریای سه‌دان ئافره‌تی بێ ده‌ره‌تان كه‌وتووه‌ كه‌ باری ده‌روونییان، خۆیان و خێزانه‌كانی خستووه‌ته‌ گێژاوێكی سه‌خته‌وه‌. 

مه‌به‌ستی ئه‌م راپۆرته‌، سه‌ره‌ڕای ناساندنی نه‌خۆشخانه‌كه‌، ورووژاندنی بابه‌تێكه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كانی رۆژ به‌ رۆژ روو له‌ زیادبوونن و به‌رۆكی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر خێرخواز و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌شداریی تێدانه‌كه‌ن، چاره‌سه‌ره‌كه‌ به‌ته‌نیا به‌ حكومه‌ت ناكرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە