هه‌واڵگرى ئه‌مریكا نهێنییه‌ك له‌باره‌ى ئێران و سعودییه‌ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 08/10/2018‌ :: 4696‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى داواكارییه‌كى هه‌ریه‌ك له‌ سعودییه‌ و ئیسرائیل بۆ لێدانى ئێران له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر پێدانى سێ هه‌زار ملیار دۆلار ئاشكراده‌كات.


رۆژنامه‌ى (الدیار) له‌سه‌ر زارى دیڤید پترایۆس، به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر داوایه‌كى به‌په‌له‌ى محه‌مه‌د بن سه‌لمان،ى جێنشینى سعودییه‌ و بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل له‌ سه‌نته‌رى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ و له‌ڕێى چوار دانیشتن به‌ڕێوه‌چووه‌ كه‌ پترایۆس و چوار به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان ئاماده‌یبوون. 

پترایۆس وتیشى: "له‌ گفتوگۆدا له‌گه‌ڵ بن سه‌لمان و نه‌ته‌نیاهۆ ئه‌وه‌م پێوتن كه‌ لابردنى سه‌دام حسێن له‌ ده‌سه‌ڵات پێویست بوو، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ببووه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر سعودییه‌ و كوه‌یت و ئیمارات و به‌حره‌ین، به‌تایبه‌ت دواى داگیركردنى كوه‌یت".

به‌ڵام له‌ شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌یدا دژى ئێران وڵاتانى كه‌نداو پشتیوانیان كرد، ئه‌وكاتیش وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه‌ ئیسرائیل چه‌كێكى داوه‌ته‌ ئێران بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى جه‌نگى سه‌دام حسێن، ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ش له‌لاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا بونى هه‌یه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان رایگه‌یاندووه‌: گه‌وره‌ترین مه‌ترسى بۆ سه‌ر كه‌نداو له‌ئێستادا گه‌وره‌تره‌ له‌ مه‌ترسى سه‌دام حسێن كه‌ ئه‌ویش ئێرانه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى پێشووى هه‌واڵگرى ئاماژه‌شیداوه‌: شازاده‌ بن سه‌لمان و وه‌زیرى به‌رگرى سعودییه‌ وتویانه‌ كه‌ وڵاتانى كه‌نداو 280 ملیۆن دۆلاریان داوه‌ته‌ سه‌دام بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى دژ به‌ ئێران بكه‌ن، ئێستاش وڵاتانى كه‌نداو و له‌سه‌روى هه‌موشیانه‌وه‌ سعودییه‌ ئاماده‌ن بۆ پێدانى سێ هه‌زار ملیار دۆلار به‌ سوپاى ئه‌مریكا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌به‌رامبه‌ر له‌ناوبردنى سوپاى ئێران و لێدانى گورزێكى به‌هێز له‌و وڵاته‌.

به‌پێى رۆژنامه‌كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ له‌و یاداشتانه‌دا هاتووه‌ كه‌ پترایۆس نوسیونى و به‌شێكى له‌میانه‌ى چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنى (سى بى ئێس) ئاشكراكردووه‌.

له‌ به‌شێكى تریشدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ لێدانى سه‌ربازى له‌ ئێران دۆخێكى ناسه‌قامگیر له‌ ئاسیا ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ى 20 ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure