"لابردنی باج لەسەر تەماتەی هاوردە نرخەكەی هه‌رزان ناکات"

هەواڵ / ئابوری :: 08/10/2018‌ :: 870‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
دوای بڕیارەكەی هەفتەی رابردووی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم، لەهەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیرانبەنی سنووری قەزای پێنجوێن، باج لەسەر تەماتەی هاوردەكراو لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ هەرێم هەڵگیرا و بەوتەی بەرپرسێكی گومرگی هەرێمیشی، لابردنی ئەو باجە كاریگەری ئەوتۆی لەسەر دابەزینی نرخی تەماته‌ نابێت.

شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، بڕیاری به‌لابردنی باجی لەسەر تەماتەی هاوردەكراو بۆ هەرێم دەركرد، لەئێستادا ئەو بڕیارە لەلای ئێمە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی: "هەرچەندە وەزارەتی كشتوكاڵ، هەفتەی رابردوو باجی لەسەر تەماتە هەڵگرت، بەڵام ئەو وەزارەتە بەنووسراوی فەرمی كە لەبەردەستی ئێمەدایە، ئاماژەی بەوەكردووە هەڵگرتنی ئەو باجە لەهەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیرانبەن، دەكەوێتە رۆژی 6ی 10ی 2018، ئەمەش لەبەرئەوەی بەروبوومی جوتیارانی پێنجوێن و دەوروبەری ماوە ساغ بكرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: ماوەی دوو رۆژە وەك مەرزەكانی دیكه‌ى هەرێم، باجمان لەسەر هاوردەكردنی تەماتە هەڵگرتووە، ئەو هەفتەیەش كە دواكەوتین لەهەڵگرتنی باج، هۆكارەكەی ئەوەبوو كە جوتیارانی سنووری قەزای پێنجوێن تەماتەیەكی زۆریان مابوو، بۆئەوەی ساغی بكەنەوە و تووشی زەرەر نەبن.

بەرپرسەكەی مەرزی باشماخ، روونیشیكردەوە، دواكەوتنی هەڵگرتنی باج، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر دابه‌زینى نرخی تەماتە نابێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران هاوردەكردنی تەماتەی بۆ هەرێم قەدەغە كردووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure