بازرگانانى هەرێمی كوردستان کاری كۆڵبه‌رانی رۆژهەڵات ده‌بوژێننه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/10/2018‌ :: 904‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، رێبین حه‌سه‌ن
سه‌پاندنى ئابڵوقه‌ ئابورییه‌كانى سه‌ر ئێران، به‌شێك له‌بازرگانانى هه‌رێمى كوردستانى ناچاركردووه‌ بۆ ده‌ربازكردنى باره‌كانیان و هێنانه‌وه‌یان بۆ خاكى هه‌رێم په‌نا بۆ كۆڵبه‌ره‌كان ببه‌ن، ئه‌گه‌رچى مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانیش داخراون، به‌ڵام پێدانى پاره‌یه‌كى زۆر به‌كۆڵبه‌ران سه‌ربارى سه‌ختى رێگا و ته‌قه‌ى پاسداران، ئه‌وانى له‌هێنانى كه‌لوپه‌له‌كان سارد نه‌كردووەته‌وه‌. 


مسته‌فا كه‌مال، خاوه‌نى نوسینگه‌ى كاروبارى بارزگانى، له‌مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێمه‌ رۆژانه‌ لێره‌ كاروبارى بازرگانان رێكده‌خه‌ین و بۆیان راده‌په‌ڕێنین، راسته‌ به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ ئابورییه‌ى خراوه‌ته‌ سه‌ر ئێران، هه‌ندێك بڕیار هه‌یه‌ له‌دیوى ئێرانه‌وه‌ ده‌ركراون و رێگا نادرێت هەندێک خۆراك و كه‌ره‌سته‌ى دیكه‌ هاورده‌ى هه‌رێم بكرێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى و به‌پێى زانیارییه‌كان و به‌دواداچوونه‌كانمان جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌و كه‌ره‌ستانه‌ى كه‌ رێگاى هاورده‌كردنیان بۆ هه‌رێم پێنادرێت، مستەفا کەمال وتى: "له‌بابه‌تى میوه‌ ته‌ماته‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێ كه‌ره‌سته‌ى خام و ئارد و بابه‌تى ترى خۆراكى هه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ كراون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هیچیان به‌ڕێگه‌ى كۆڵبه‌رى ناهێنرێن، جگه‌ له‌وه‌ش شتێك نییه‌ به‌ناوى كۆڵبه‌رى و ئێمه‌ ئاگاداری نین".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئێستا خه‌ڵكێك هه‌یه‌ شتى له‌و دیوى ئێرانه‌ و كه‌ره‌سته‌یه‌كى زۆرى كڕیوه‌ و گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئێرانیه‌كان كردووه‌ و پاره‌ى زۆرى خه‌واندووه‌ و به‌شێكى بازرگانانیش پاره‌یان ناردووه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌م دۆخه‌وه‌، كه‌ره‌سته‌كانیان هێشتا نه‌هاتۆته‌وه‌ خاكى هه‌رێم.

له‌باره‌ى ئه‌و بازرگانانه‌ى هه‌رێم كه‌ له‌رێگه‌ى كۆڵبه‌ره‌یه‌وه‌ شته‌كانیان ده‌هێننەوە، ئه‌و خاوه‌ن نوسینگه‌یه‌ رونیکردەوە: راسته‌ به‌شێك له‌بارزگانان ئه‌و گرفته‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سنورى مه‌رزى باشماخ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارى كۆڵبه‌رى نییه‌، به‌مه‌رجێك نه‌بێت كه‌ ده‌بێت به‌ره‌سمى له‌هه‌ردوو دیوى (ئێران و هه‌رێم) بڕیار بده‌ن و دواتر بە پشکنیندا تێپه‌ڕێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌مه‌رزى تره‌وه‌ كارى كۆڵبه‌رى بۆ هێنانى كه‌له‌په‌لى بازرگانان بكرێت و له‌ئێستاشدا ته‌واوى مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون.

وتیشى: "ئه‌و شتانه‌ى فه‌ده‌غه‌كراون ئه‌گه‌ر به‌كۆڵبه‌رى بێت، پاره‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر خاوه‌ن بار و بازرگانان ده‌كه‌وێت و ئه‌وه‌ش دواجار نرخه‌كانى ناو بازاڕ زیاتر ده‌كات و له‌سه‌ر هاوڵاتیانیش چه‌ند به‌رامبه‌ر به‌رزده‌بێته‌وه‌".

سدیق نورى، یه‌كێك له‌و كۆڵبه‌رانى سنورى قه‌زاى پێنجوێن، بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو: "پێشتر ئێمه‌ له‌مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان رۆژانه‌ كارمان ده‌كرد، واته‌ به‌ر له‌وه‌ى دابخرێن، خاوه‌ن بار و بازرگانان كه‌ره‌سته‌ى كاره‌بای و بیناسازیان به‌ئێمه‌ ده‌گواسته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا بڕه‌ پاره‌یه‌كمان لێده‌سه‌ندن".

دەشڵێت: "ئێستا كه‌ به‌شێك له‌كه‌لوپه‌له‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، جارێكى تر كارمان ده‌ستكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جیاوازترەو كاره‌كه‌مان سه‌ختره‌، چونكه‌  سنوره‌كان زۆر توندتر كۆنترۆڵ كراون و پاسدارانى تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ و مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانیش داخراون، به‌ڵام بازرگان پاره‌یه‌كى زۆرمان ده‌ده‌نێ تا شته‌كانیان بۆ بێینن".

باسیله‌وه‌شكرد: بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر جاران سه‌لاجه‌ یان ته‌له‌فزیۆنمان بهێنایه‌ بڕى نزیكه‌ى 50 هه‌زارمان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئێستا نرخه‌كان دوو به‌رامبه‌ر زیادیان كردووه‌ و ئێمه‌ش ئاماده‌نین به‌نرخى پێشوو هه‌مان شت بێنینه‌وه‌ و گیانى خۆمان بخه‌ینه‌ مه‌ترسیه‌وه‌.


لایخۆشیه‌وه‌، شاخه‌وان به‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گومرگى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا له‌لایه‌ن به‌رپرسانى ئێرانیه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى، هیچ شتێكیان له‌باره‌ى ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ى قه‌ده‌غه‌یان كردووه‌ به‌ئێمه‌ نه‌وتووه‌ هه‌رچه‌نده‌ داواشمان لێكردوون، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌.

وتیشی: "له‌ئێستادا (ته‌ماته‌، رۆن، شه‌كر، برنج) و هه‌ندێك پێداویستى  و بابه‌تى كارگه‌كان گومرگیان زیاد كراوه‌، بێ گومان ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی ئەو شتانە دەبێت لەبازاڕەکانی هەرێمدا".

رونیشیکردەوە: سه‌باره‌ت به‌ خوارده‌مه‌نى، جگه‌ له‌ته‌ماته‌، بۆ زۆربه‌ى شته‌كان ئێمه‌ پێشتریش پشتمان به‌خودى ئێران نه‌به‌ستووه‌، چونكه‌ پێشتریش بۆ  خوارده‌مه‌نى پشتمان به‌و بارانه‌ به‌ستووه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئێران بۆمان هاتووه‌، واته‌ به‌ترانزێت خاكى ئێرانیان به‌كارهێناوه‌و لە وڵاتی دیکەوە هاتووە".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ بۆچى بازرگانان نرخه‌كانیان زیادكردووه‌، به‌رپرسه‌كه‌ى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، ئاشكرایكرد: یه‌كێك له‌هۆكاره‌كان كرێى گواستنه‌وه‌یه‌، ئێستا ئه‌و كه‌شتیانه‌ى كه‌لوپه‌ل ده‌هێنن بۆ به‌نده‌ر عه‌باسى ئێران، كرێیان زۆر كه‌مكردۆته‌وه‌ و به‌هۆى ئابڵوقه‌ ئابوورییه‌كه‌ى سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ش ئه‌و كه‌شتیانه‌ ژماره‌یان كه‌مبۆته‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌ش كه‌متر دێت و نرخه‌كه‌ش به‌رزده‌بێته‌وه‌و  له‌ناوخۆى ئێرانیشدا، مانگرتنى شۆفێران هه‌یه‌ و داواى زیادکردنی کرێکانیان دەکەن.

 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure