به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى: كێشەكانی ژنان پێویستی بەهەڵمەتی سەرتاسەرییە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/10/2018‌ :: 186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی رایدەگەیەنێت: بچووكبونەوەی قەبارەی كێشەكانی ژنان لە ئەركی دامەزراوەیەك گەورەترە و پێویستی بە هەڵمەتی سەرتاسەرییە، چالاكێكیش ئاماژە بەوە دەكات: سه‌ره‌ڕاى بوونى یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ قەدەغەكردنی، بەڵام توندوتیژی هەر بەردەوامە.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ماڵپەڕی رەسمی خۆیدا ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی توندوتیژییەكان و شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردووی بڵاوكردۆتەوە و بەپێی ئامارەكان: تەنیا حاڵەتەكانی (سووتان و خۆسووتان) كەمیان كردوە، بەپێچەوانەوە حاڵەتەكانی (كوشتن، خۆكوشتن، سكاڵا و توندوتیژی سێكسی) زیادیانكردووە.

بەپێی ئامارەكان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا (25 كوشتن، 41 خۆكوشتن، 78 سووتان، 64 خۆسووتان، 4 هەزار و 213 سكاڵا، 58 سێكس) تۆماركراوە، لە كاتێكدا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا (23 كوشتن، 35 خۆكوشتن، 117 سووتان، 66 خۆسووتان، 4 هەزار و 141 سكاڵا، 51 توندوتیژی سێكسی) تۆماركراون.

ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: وەكو چۆن دۆخی سیاسی و ئابوری و میدیایی لە كوردستان ئاڵۆزە، ئەو ئاڵۆزییە وایكردووە ساڵانە رێژەی تاوانە سووك و قورسەكانیش دژی ژنان بەرز و نزمی بكەن، هەندێك مانگ بەرزدەبنەوە و هەندێك مانگی دیكەش دادەبەزن، بەڵام بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەكە پەیوەندی بە ژینگەی كۆمەڵایەتی و كەشوهەواشەوە هەیە.

ناوبراو وتی: "ئەو وەرزانەی كەشوهەوا گەرمن ئاستی تاوانەكانیش بەرزتر دەبنەوە و خۆكوشتن زیاتر دەبێت، هەروەها كاتێك دۆخی سیاسی ئاڵۆز دەبێت كاریگەری بۆ تێكچوونی بارودۆخی كۆمەڵایەتیش دەبێت".

ئاری رەفیق پێیوایە هەوڵەكان بۆ باشبوونی دۆخی ژنان تەنها پەیوەست نییە بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەوانەوە و وتی: "هەوڵەكان بەردەوامی هەیە، بەڵام بچووكبونەوەی قەبارەی كێشەكان لە ئەركی دامەزراوەیەك گەورەترە، پێویستی بە هەڵمەتی سەرتاسەرییە لە میدیا و زانكۆكان و داواكاری گشتیش".

هەروەها نەجیبە مەحمود، چالاكی ژنان بە دواڕۆژی راگەیاند: بوارەكانی دیكەی ژیان لە كوردستان كاریگەری لەسەر رەوشی ژنان دەبێت، راستە ژنی پەرلەمانتار و ژنانی دیكەش لە ناوەندەكانی بڕیار هەن، بەڵام هەموو ئەوانە نەیتوانیوە ئاڵوگۆڕ لە واقیع و پێگەی ژنان بكەن. 

وتیشى: "راستە یاسای قەدەغەكردنی توندوتیژی دەركرا، بەڵام توندوتیژی هەر بەردەوامە".

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ژنان رۆڵى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ ناساندن و ده‌رخستنى ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامده‌درێت و هه‌ندێكیشیان له‌و بواره‌دا بونه‌ته‌ سیمبول.

نادیە موراد، ژنە كوردی ئێزیدی كە لە مانگی ئابی 2014 دوای داگیركردنی گوندی كۆچۆ لە ناوچەی شنگال لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بۆوە، به‌ڵام توانی ببێتە باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوەیەكگرتووەكان، رۆژی هەینی رابردووش خەڵاتی نۆبڵ ئاشتی پێبەخشرا.

ئاری رەفیق دەڵێت: "نادیە وەك ئافرەتێك كە قوربانی بووە لەناو چنگی داعش هەموو مرۆڤێك دەبێت بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێبكات".

هەر لەو بارەیەوە نەجیبە مەحمود ئاماژەی بەوەكرد: كاتێك  نادیە موراد هاتە بەردەم میدیا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاری لەسەر ئازارەكانی ژنانی ئێزدی كرد جێی شانازییە، نادیە توانی دەنگی خۆی واتە دەنگی ژنانی ئێزدی بگەیەنێتە دەرەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure