کۆمسیۆن لە ژێر پرسیاره‌ یاساییەکاندا!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 07/10/2018‌ :: 143‌ جار بینراوە

دھام سمکۆ
 لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی ھەرێمی کوردستان، کە لە ٣٠ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، نزیکدەبینەوە، ھێزە سیاسیەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردنەکە، بوون بە چەند بەرەیەک، ھەیانە بە سەرکەوتن بۆ خۆی ھەژماری دەکات وەک پارتی، یەکێتى-یش خۆی پێ سەرکەوتووە، بەڵام لەسەر قبووڵکردنی ئەنجامەکان تێبینی ھەیە و پێیوایە تەزویری بەرفراوان لە دھۆک و ھەولێر لە لایەن پارتیەوە کراوە، بۆیە ناکرێ بێ ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە ئەنجامەکان قبووڵ بکات، دیارە ئارگۆمێنتی یەکێتی زۆری ڕێژەی ئەو سندوقانەیە کە قردێلەی سووریان لێدراوە بە تایبەت لە دھۆک و ھەولێر.

 ھێزێکیش باس لە بایکۆت دەکات و ئەنجامەکان سەرلەبەری ڕەتدەکاتەوە، ھەندێک ھێزیش تا ئێستا ڕایان ڕوون نیە! دیارە ڕووی ھەموو ھێزەکان لە کۆمسیۆنه‌، لە بەرانبەردا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی باوەڕپێکەری بە لای ھێزەکانەوە ڕانەگەیاندووە، بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ڕەزامەندیی زۆرینەی ھێزەکان بە دەستبھێنێت، چونکە ھەندێک لە ھێزەکان پێیان وایە کە کۆمسیۆنی ناوبراو لە کاتی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن نیشانەی پرسیاری قووڵی ھێناوەتە سەر خۆی، بە تایبەت ئەو بڕیارانەی کە شەوی پێش ھەڵبژاردنەکان دای. دیارە ئەمەش لە ڕووی عوڕفی یاساییەوە نیشانەی پرسیاری لەسەر بوو، چونکە ھەموو بڕیارێک لە ڕووی یاساییەوە دەبێ ماوەی تانەلێدانی ھەبێت، ئەگەر تانەی لێنەدرا ئینجا دەچێتە بواری جێبەجێکردن، كەچی ئەوان لە نیوەی شەودا ھەندێک بڕیاری نابەجێیان دا. ئەمە جگە لەوەی کە ھەر لە سەرەتادا ھەم نەیانتوانی تۆمارێکی خاوێنی دەنگدەران دروست بکەن و ھەمیش بە دواخستنی کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن خەڵکیان لە دەنگدان ساردکردەوە، بگرە زۆرێک لە خەڵک لایان ببووە حەقیقەت کە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھەر ئەنجام نادرێت!

دیارە لە بنەڕەتدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014ی پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، ھەر بەپێی ماددەی 2ی ھەمان یاسا، کۆمسیۆن وەک تاقە دەسەڵات ئاماژەی بۆ کراوە کە هەموو کارەکانی هەڵبژاردن و ھەموو ڕاپرسیە گشتییەکان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات، بۆیە دەبێ کۆمسیۆن تا کۆتاییھاتنی پڕۆسەکە بەردەوام بێت کە خۆی لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەبینێتەوە. 

ھەروەھا بەپێی خاڵی 6ی ماددەی 6ی ھەمان یاسا، دەتوانێ ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنێت، ئەمەش دوای پەسندکردنی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، پرسیارە یاساییەکە لێرە ئەوەیە کە کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی لە کاتی خۆی ڕانەگەیاندووە، ئایا پرسی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی چۆن چارەسەر دەکات؟ 

ھەر بەپێی خاڵی 4ی ماددەی 6ی ھەمان یاسا، دەتوانرێت تانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بدرێت لە ھەر قۆناغێك بێت، تانەکەیش دەبرێتە بەردەم ئەنجومەنی کۆمسیاران، ئەگەر ھاتوو بڕیارەکانی ئەنجومەن بە دڵی خاوەن سکاڵا نەبوو، لەم بارەدا بڕیارەکانی ئەنجومەنیش دەتوانێت تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان. دیارە لەم بارەیشدا بڕیاری ئەم دادگایە وەک بەرزترین دەسەڵات بڕیاری کۆتاییه‌!

لێرەدا لایەنەکان دەتوانن ئەگەر نیشانەی پرسیاریان لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھەبوو، بەگوێرەی بڕگەکانی ئەم یاساییە، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، ئەمە جگە لەوەی کە ھێزەکان دەتوانن بە پڕۆژەیاسا لە پەڕلەمانی داھاتوو کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم کۆمسیۆنە بکات، لەبەرئەوەی دەرکەوت لە دوو ئەزموون سەرکەوتوو نەبوون، ئەمە جگە لەوەی کە ئێمە ئۆفیسی کۆمسیۆنێکمان ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێم کە سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێڕاقە و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش ئۆفیسی ھەیە و دەتوانێ ھەڵبژاردنەکان بەڕێوەببات و ئەزموونێکی زۆریشی ھەیە. ھەروەھا گەڕاندنەوەی پارەیەکی زۆرە کە لەسەر بودجەی خەڵکی کوردستان بەفیڕۆ دەدرێت. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure