نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژمارەیەک پڕۆژە له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ جێبەجێدەکات

هەواڵ / کوردستان :: 07/10/2018‌ :: 241‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری لە پارێزگای هەڵەبجە خستە بواری جێبەجێکردنەوە.


كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: رێكخراوى (UNDP) سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕى ملیۆنێک و 500 هه‌زار دۆلاری بۆ جێبه‌جێكردنى چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ دابینکردووە و ئه‌مڕۆش شاندێكیان له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌یان كردووه‌ و کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەش دەستیپێکرد.

وتیشی: "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى دابینكراوه‌ بۆ قیرتاوكردن و دروستكردنى شۆسته‌ بۆ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌رج ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى كه‌ زۆر پێویستییان به‌ قیرتاوكردن هه‌یه‌، سه‌ره‌تاى كاره‌كانیشمان له‌ گه‌ڕه‌كى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌".

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: دابینكردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كە له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌توانێت گرفتى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى له‌ زۆرێك له‌ كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كانى شاری هه‌ڵه‌بجه‌ چاره‌سه‌ربكات و له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامداین بۆ ئه‌وه‌ى پێش هاتنى وه‌رزى باران بارین چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى دیكه‌ى خزمه‌تگوزارى بخه‌ینه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure