ئەگەر تاوەكو 6ی مانگی داهاتوو كێشەی ئەنجامی هەڵبژاردن چارەسەر نەكرێت چی رووده‌دات؟

هەواڵ / کوردستان :: 07/10/2018‌ :: 10222‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رادەگەیەنێت: ئەو خولەی ئێستای پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت كۆمسیۆن هەڵبوەشێنێتەوە، بەوتەی ئەو "ئەگەر تاوەكو 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ كێشەی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆن چارەسەر نەكرێت، ئەوا دەبێت تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە". 

بەهۆی ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، چەند لایەنێك داوا لە ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكەن ئەنجامەكانی هەڵبژاردن واژۆ نەكەن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمیش هەڵبوەشێنرێتەوە.

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ، راپرسی هەرێم، دكتۆر خامۆش عومەر راوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی ساڵی 2014، كارەكانی كۆمسیۆن لەژێر دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە و تەنیا پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت كۆمسیۆن هەڵبوەشێنێتەوە".

وتیشی: "تاوەكو 6ی تشرینی دووەمی 2018، ئەو خولەی ئێستای پەرلەمانی كوردستان (خولی چوارەم) هەموو دەسەڵاتێكی هەیە و دەتوانێت پێش ئەو وادەیە كۆمسیۆن هەڵبوەشێنێتەوە".

خامۆش عومەر، ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر تاوەكو 6ی تشرینی دووەم كۆمسیۆن نەیتوانی ئەنجامەكان رابگەیەنێت و كێشەی لایەنە سیاسییەكان بەردەوامبوو، ئەوا پەرلەمان دەكەوێتە بۆشاییی یاسایی و دەبێت ماوەی كاركردنی خۆی بۆ ماوەیەك درێژبكاتەوە، بەڵام ئەگەر كێشەكە كۆتایی هات، ئەوا خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی دەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure