سائیرون له‌باره‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدییەوه‌ داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 07/10/2018‌ :: 182‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ له‌ لایه‌ن موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات: سازش له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان بكه‌ن و ئازادی ره‌ها بده‌نه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو تاوه‌كو حكومه‌تی ئاینده‌ پێكبهێنێت.

 

قوسه‌ی یاسری، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانییه‌كه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی تشرینی یه‌كه‌م به‌ (به‌غداد ئه‌لیه‌وم)ی وتووه‌: "سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو تاوه‌كو ئێستا به‌رنامه‌ی حكومی پێشكه‌شنه‌كردووه‌ و زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نایانه‌وێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی كابینه‌كه‌ بن". 

 

یاسری ده‌شڵێت: "عه‌بدولمه‌هدی دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌، یاخود ئازادی ره‌های هه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كاندا، بژارده‌ی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كوتله‌یه‌ك پێنج كاندید پێشكه‌شبكات و ئازادی بده‌نه‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵیانببژێرێت". 

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سائیرون ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ راسپێدراوه‌كه‌ 30 ڕۆژی له‌به‌رده‌مدایه‌ تاوه‌كو كابینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات، به‌هۆی ئه‌و كێشمه‌كێش و گرفت و ناكۆكییه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌مه‌.

 

یاسری به‌ناوی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یه‌وه‌ داوای له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات: "سازش له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان بكه‌ن ئازادی ره‌ها بده‌نه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت".

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، موقتەدا سەدر سەرۆکی هاوپەیمانی چاکسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ڕایگەیاند: توانیمان سەرۆک وەزیرانێکی بێلایەن دیاری بکەین، هیچ کاندیدێک دیاری ناکەین بۆ پۆستی وەزارەتەکان و خۆی سه‌رپشك ده‌كه‌ین له‌ دانانیان.

 

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "بەپشتیوانی خوا و هەوڵی بەندەکان، توانیمان سەڕۆک وەزیرانێکی بێلایەن دیاری بکەین کە بەهۆی گەندەڵییەوە وازی لە حکومەتەکانی پێشوو هێناوە".

 

سەدر نوسیوێتی: "ئێمە هیچ کەسێک کاندید ناکەین بۆ پۆستە وەزارییەکان، بەڕێز عادل عەبدولمەهدی خۆی کەسانی لێهاتوو و بێلایەن بۆ ئەو پۆستانە دیاری ده‌کات".

 

سەرچاوەیەکیش لە هاوپەیمانی بونیاد بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: "هاوپەیمانی بونیادیش بڕیاڕیداوە هیچ کەسێک پێشکەش نەکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بە سەرۆک وەزیران بدرێت خۆی کەسی شیاو دەستنیشان بکات، ئەگەر هاتوو ئەوە نەگەیشتە ئەنجام، ئەوا بۆ هەر پۆستێک پێنج کەس کاندید دەکەین و سەرۆک وەزیران خۆی یەکێکیان هەڵبژێرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure