نوێترین زانیاری لەسەر هەوڵەکانی یەکێتیی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک

هەواڵ / کوردستان :: 07/10/2018‌ :: 1611‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایدەكات: لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەوڵدەدەن پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكەنەوە، ئەگەر ئەوەش نەكرا، پرسەکە هەڵدەگرن بۆ كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

نەسروڵا سورچی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئەوان شەش پەرلەمانتاری عێراقیان هەیە و بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكەن، مەسەلەی پارێزگاری كەركوكیش پەیوەندی بە سەرۆك كۆمارەوە نییە، خۆ پارتی بۆ سەرۆك كۆماریش كاندیدی هەبوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: "پارتی نایەوێت ئەو پۆستە یەكلایی بكرێتەوە، ئێمە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان هەوڵدەدەین ئەگەر لەگەڵیان رێككەوتین ئەوە باشە، ئەگەریش رێكنەكەوتین ئەوا رۆژی 22ی کانونی یەکەمی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێت بە پارێزگای كەركوكیشەوە، ئەو كاتە دەنگمان هێنا بۆ ئێمەیە و دەنگیشمان نەهێنا و هەر لایەنێك پۆستەكەی بەدەستهێنا پیرۆزی بێت".

لێدوانی ناوبراو لە كاتێكدایە ئێستا لەنێو میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەی ئەوە لەئارادایە، یەكێتی بەهەمانشێوەی یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، دەیەوێت پۆستی پارێزگاری كەركوكیش یەكلایی بكاتەوە.

رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2017 كاتێك هێزە عێراقییەكان چوونە پارێزگای كەركوك، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك لە پشكی یەكێتی شارەكەی جێهێشت و لە شاری هەولێر نیشتەجێبووه‌، دواتر بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، راكان جبوری بە وەكالەت لەو پۆستە دانرا، بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتیەوە تائێستا نەتوانراوە ئەو پۆستە پڕبكرێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure