لووت...ئه‌ندامی بۆنكردن و سه‌رچاوه‌ی رزق-ه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 6839‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌ده‌گمه‌ن ئێستا رێكده‌كه‌وێت له‌ناو كۆمه‌ڵێك لاودا یه‌كێكی تێدا نه‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی لووتی نه‌كردبێت، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێت به‌ دیارده‌ له‌ جیهاندا، به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

دواڕۆژ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ دكتۆر باخه‌وان رافیع عه‌زیز پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی قورگ و لووت و گوێ، لایه‌نه‌ پێویسته‌كانی ئه‌م جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ئاشكرا ده‌كات.


دواڕۆژ: ئایا نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی لووت هه‌ر بۆ جوانكارییه‌ یاخود سوودی ته‌ندروستیشی هه‌یه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: هه‌موو جوانكارییه‌كان كه‌ خه‌ڵك داوایان ده‌كات بۆ مه‌سه‌له‌ی جوانكارییه‌. سوودی ته‌ندروستیی نییه‌ به‌ڵكو زیانی هه‌یه‌. به‌ گشتی زۆربه‌یان زیانیان هه‌یه‌. له‌ڕاستیدا بۆ ئه‌وه‌ی جوانییه‌ك ببه‌خشێت ده‌بێت زیانێك بدات، له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت. بۆ نموونه‌ له‌ بواری لووت-دا بێت ده‌بێته‌ هۆی هه‌ناسه‌گیران.  

دواڕۆژ: كێ بڕیار له‌ جوانكارییه‌كه‌ ده‌دات نه‌خۆشه‌كه‌ یاخود دكتۆره‌كه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: له‌ مه‌سه‌له‌ی جوانكاریدا دكتۆر بڕیار نادات كه‌ نه‌خۆش جوانكاریی بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌یه‌ لووتی زۆر ناشرینه‌ به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستكاریشی ناكات. هیچ دكتۆرێك ناتوانێت بڵێت پێویستیت به‌وه‌یه‌. به‌ڵام دكتۆره‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ره‌ كه‌ قازانج و زه‌ره‌ره‌كانی بۆ دیاریی بكات. 

دواڕۆژ: ئایا هه‌موو نه‌شته‌رگه‌رییه‌ جوانكارییه‌كانی لووت وه‌كو یه‌كن یاخود چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: نه‌خێر، زۆرجار نه‌خۆش له‌ ڕێگه‌ی وێنه‌ پیشانمان ده‌دات كه‌ له‌و شێوازی لووته‌ی بۆ بكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ شێوازی پێست و لووتی كه‌سه‌كه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ چۆن جوانكارییه‌كه‌ بكرێت.

دواڕۆژ: كێن ئه‌وانه‌ی زیاتر  ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ده‌كه‌ن؟ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان چه‌ندایه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: زیاتر له‌ گه‌نجه‌كاندا جوانكاریی لووت ده‌كرێت. ئێستا نێر و مێ وه‌كو یه‌ك دێن بۆ جوانكاریی لووت.

دواڕۆژ: زیاتر ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ردانتان ده‌كه‌ن له‌ چ چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تین؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: هه‌موو جۆره‌ چینه‌كانی تێدایه‌. خه‌ڵكانێك هه‌ن قه‌رزی بۆ ده‌كه‌ن و هه‌یشن پاره‌یان هه‌یه‌ و ده‌توانێت بیكات.

دواڕۆژ: هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بڕی چه‌ندی تێده‌چێت؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
له‌ سلێمانی له‌ 900 هه‌زار دیناره‌وه‌ هه‌یه‌ تاوه‌كو 2 ملیۆن دینار. به‌پێی نه‌خۆشخانه‌كه‌ و دكتۆره‌كه‌ ده‌گۆڕێت.

دواڕۆژ: ئایا نه‌خۆش بۆی هه‌یه‌ ئه‌نجامی جوانكارییه‌كه‌ی به‌دڵ نه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر به‌دڵی نه‌بوو چ مافێكی هه‌یه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: به‌ڵێ مافی خۆیه‌تی به‌دڵی نه‌بێت به‌ڵام پێویسته‌ پێشتر بۆی روونكرابێته‌وه‌ كه‌ دواتر تووشی چی ده‌بێت. به‌دڵنه‌بوون جیایه‌ و ئیشه‌كه‌ش خراپ بێت جیایه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شكاتیش بكات هیچی ده‌ستناكه‌وێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لووته‌كه‌ی پێشتری هه‌ر ئه‌وه‌ی تیا ده‌بوو.

دواڕۆژ: ئایا له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان زیاتر ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ده‌كرێت یاخود له‌ حكومییه‌كاندا؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: له‌  هه‌موو دنیادا نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كاندا ده‌كرێت واته‌ به‌ پاره‌. هیچ حكومه‌تێك بودجه‌ ته‌رخان ناكات بۆ بواری جوانكاری. جاران تاك تاكه‌ هه‌بوو به‌ڵام ئێستا دوو سێ ساڵیش ده‌بێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كاندا ناكرێت.

دواڕۆژ: به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی رۆژانه‌ چه‌ند نه‌شته‌رگه‌ریی ئه‌م بواره‌ ده‌كرێت؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
ناتوانین دیاریی بكه‌ین، ئه‌وه‌ به‌پێی وه‌رزه‌كان ده‌گۆڕێت. به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ له‌ هاویندا ده‌كرێت چونكه‌ زیاتر خوێندكارن. له‌ مانگی 6 تاكو مانگی 10 زۆربه‌ی زۆری ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن. 

دواڕۆژ: ئایا پاش نه‌شته‌رگه‌ریی، نه‌خۆشه‌كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ دروست ده‌بێت له‌ رووی ته‌ندروستییه‌وه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: به‌ڵێ. لووت ده‌ستكاریی نه‌كرێت باشتره‌. چه‌ندین ئه‌نجامی نه‌خوازراو رووده‌ده‌ن وه‌كو لووتگیران و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و پرخه‌ و مشه‌مش، هه‌روه‌ها هه‌ستی بۆنكردنیان نامێنێت. ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا وایه‌، دكتۆرێكیش ئه‌گه‌ر ئیشه‌كه‌ی باش بێت 15%ی نه‌خۆشه‌كانی تووشی ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌بن. هه‌ر دكتۆرێكیش ئیشه‌كه‌ی باش نه‌بێت ئه‌وا زیاتر 50%ی نه‌خۆشه‌كانی تووش ده‌بن.

دواڕۆژ: ئامۆژگاریت چییه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت نه‌شته‌رگه‌ریی لووت بكه‌ن؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
ئامۆژگاریمان بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت جوانكاریی لووت بكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌له‌نه‌كه‌ن و له‌ ته‌مه‌نێكی زوودا و له‌ منداڵیدا نه‌یكه‌ن. بۆ ئه‌وانه‌شی كه‌ ده‌یانه‌وێت  بیكه‌ن، جوانكاریی لووت یه‌كێكه‌ له‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ى كه‌ هه‌تاوه‌كو نه‌كرێت باشتره‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر بیشیكات پێویسته‌ ئه‌و قسانه‌ی بیربێت كه‌ پێی ده‌گوترێن. بزانێت كه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ باسمانكردن و دواتریش چاره‌سه‌ركردنی زه‌حمه‌ته‌. 

دواڕۆژ: ڕێژه‌كه‌ى له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ یاخود نا؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: به‌ ته‌ئكید له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.

دواڕۆژ: به‌راورد به‌ وڵاتانی دیكه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ كوردستان چۆنه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان زۆره‌ وه‌كو ئێران و توركیا و هه‌روه‌ها له‌ لوبنان. به‌ گشتی له‌م وڵاتانه‌ له‌ زیادبووندایه‌.

دواڕۆژ: ئایا سه‌ره‌گرتن هه‌یه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
به‌ڵێ به‌پێی پزیشكه‌كه‌یه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌ زۆر ئیشیان هه‌بێت و فریانه‌كه‌ون ناچار ده‌بێت سه‌ره‌ بۆ نه‌خۆشه‌كانیان دابنێن. 

دواڕۆژ: ئایا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هیچ جۆره‌ چاودێرییه‌كی هه‌یه‌ له‌سه‌ر جۆر و ژماره‌ی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ هه‌موو كاتێكدا چاودێریی هه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌، مه‌رج نییه‌ به‌س مه‌سه‌له‌ی جوانكاریی بێت. هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكرێت له‌ بواری به‌نج-دا بێت یان نه‌خۆش شكاتی هه‌بێت. به‌ڵام پێویست ناكات ئه‌و چاودێرییه‌ ورده‌ هه‌بێت له‌سه‌ر جۆر و ژماره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان. 

دواڕۆژ: ئایا سه‌ندیكای پزیشكان نرخه‌كان دیاریی ده‌كه‌ن یاخود خۆتان؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
به‌پێی وه‌زعه‌كان ده‌گۆڕێت پێشتر نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌ به‌ڵام ئێستا به‌هۆی قه‌یران و بێ مووچه‌یی، نرخه‌كان دابه‌زیون و هه‌رزانترن.

دواڕۆژ: ئایا له‌ناو پسپۆرییه‌كانی پزیشكیدا ئه‌و لقه‌ی ئێوه‌ زۆرترین داهاتی هه‌یه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز:
له‌ هه‌موو دنیادا وایه‌ ئه‌و لقانه‌ی كه‌ له‌ بواری جوانكاریدا كارده‌كه‌ن داهاتێكی باشتریان هه‌یه‌. مه‌رج نییه‌ هه‌موو پزیشكه‌كانی ئه‌و بواره‌ داهاتیان زیاتر بێت له‌وانه‌یه‌ 5% بۆ 10% ئه‌و پزیشكانه‌ داهاتیان زیاد بكات. ئه‌وانی دیكه‌ وه‌كو هه‌موو پزیشكێكی دیكه‌یه‌.

دواڕۆژ: ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كدا وه‌ریده‌گرن چه‌ندی بۆ خۆتانه‌ و چه‌ندی بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌یه‌؟
باخه‌وان رافیع عه‌زیز
: به‌ گشتی له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كاندا به‌ ڕێژه‌ی 40% و 50% و 60% بۆ دكتۆره‌كه‌یه‌. ئه‌وی دیكه‌ش ده‌چێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure