لەڕووی یاساییەوە دەبێت یەک مانگی دیکە پەرلەمانی نوێی هەرێم کۆببێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 06/10/2018‌ :: 726‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسا، ئەوان رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 واتە مانگێكی دیكە تەمەنی یاساییان كۆتایی دێت، بۆیە هەر دەبێت پێش ئەو بەروارە پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاسایی بخۆن.


ئەنوەر قادر، پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 كۆتاییدێت، بۆیە  تا ئەو كاتە هەر كۆبوونەوەیەك بكرێت دەبێتە كۆبوونەوەی نائاسایی، دەبێت پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیش پێش ئەو بەروارە سوێندی یاسایی بخۆن.

ئەمڕۆ 6ی تشرینی یەکەمی 2018یە و بەپێی رۆژەكانی ساڵی زاینیش ئەم مانگە 31 رۆژە، واتە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن 30 رۆژی تەواوی لەبەردەستە بۆ تەواوكردنی كارەكانی هەڵبژاردن.

رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، شەوی 4ی تشرینی یەکەمی 2018یش كۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی 85%ی دەنگەکانی راگەیاند، دوێنێش سەییاح كورەچی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە دواڕۆژی راگەیاند: هیوادارن ئەم هەفتەیە ئەنجامی كۆتایی رابگەیەنن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردبوو: "بەپێی یاسای كۆمسیۆن، دوای رۆژێك لە بڵاوكردنەوەی ئەنجامی كۆتایی، ماوەی سێ رۆژ بۆ وەرگرتنی تانەكان دەكرێتەوە، پاشان حەوت رۆژ چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە دەكەن، دواتر پڕۆسەكە كۆتایی دێت كە بڕیارەكانی دادگاش بنبڕە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure