داهێنانێکى نوێ لەمەترسیى جەڵتەى دڵ رزگارت دەکات

هەواڵ / زانست :: 07/10/2018‌ :: 1117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
زانایان شێوازێكى نوێیان داهێنا بۆ شیکردنەوەى وێنەى تیشکى و ده‌ڵێن: "له‌توانایدا هه‌یه‌ پێشبینى مه‌ترسى روودانى نەخۆشى جەڵتەى دڵ بکات به‌ چه‌ند ساڵێك پێش روودانى".


داهێنانه‌كه‌ به‌ پێشكه‌وتنێكى بێوێنه‌ داده‌نرێت بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ى زۆرترین مردن له‌نێو مرۆڤدا به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت.

ته‌كنه‌لۆژیاكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گروپێکى كارى زانکۆى ئۆکسفۆرد و دامه‌زراوه‌كانى ئەڵمانیا و ئەمریکاوه‌ په‌ره‌یپێدرا، به‌كارده‌هێنرێت بۆ پشكنینى چه‌ورى له‌ چوارده‌ورى خوێنبه‌ره‌كانى دڵ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ وێنه‌ى تیشكى خوێنبه‌ره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت.

ئه‌م چه‌ورییه‌ له‌كاتى هه‌وكردنى هه‌ر خوێنبه‌رێكدا ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سیستمى ئاگاداركردنه‌وه‌ى پێشوه‌خت بۆ نزیكه‌ى 30%ى نه‌خۆشییه‌كانى دڵ، وه‌ك ئه‌وه‌ى توێژه‌ران باسیده‌كه‌ن.

شارالامبوس ئه‌نتۆنیادیس، پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌كانى دڵ و ده‌ماره‌كان له‌ ئۆكسفۆرد رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر توانیت هه‌وكردن له‌ ده‌ماره‌كانى خوێندا به‌دیبكه‌یت، ئه‌وكات ده‌زانیت كه‌ كام خوێنبه‌ر ده‌بێته‌ هۆى جه‌ڵته‌ى دڵ".

زۆرینه‌ى جه‌ڵته‌كانى دڵ به‌هۆى كۆبونه‌وه‌ى چه‌ورییه‌ له‌نێو خوێنبه‌ره‌كاندا، ئه‌مه‌ش رێگرى له‌ رۆیشتنى خوێن ده‌كات.

نه‌خۆشیه‌كانى دڵ و جه‌ڵته‌ى ده‌ماغ به‌ دوو گه‌وره‌ هۆكارى مردن له‌سه‌ر ئاستى جیهان داده‌نرێن.

وەرگێڕانی: ئاکۆ زەنگەنە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure