عادل عه‌بدولمه‌هدى تیمێكى 10 كه‌سى بۆ هه‌ڵبژاردنى وه‌زیرانى نوێ پێكده‌هێنێت

هەواڵ / عێراق :: 06/10/2018‌ :: 276‌ جار بینراوە
عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو

دواڕۆژ
سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو تیمێكى 10 كه‌سى بۆ وتوێژ ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى وه‌زیرانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێكده‌هێنێت.


میدیا عێراقییه‌كان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئاشكرایانكرد: تیمه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ براوه‌كان ده‌كات بۆ پێشكه‌شكردنى پێنج پاڵێوراو بۆ هه‌ر پۆستێكى وه‌زارى كه‌ لایه‌نه‌كان ده‌یخوازن. 

رونیشیانكرده‌وه‌: گفتوگۆكان سبه‌ى یان دووسبه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پاڵێوراوه‌كانیان ده‌ستپێده‌كات.

سێشه‌ممه‌ى رابردوو، 2ى تشرینى یه‌كه‌م دواى هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆمار عادل عەبدولمەهدی كاندیدی شیعەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپارد. 

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌تى نوێش ئه‌حمه‌د كنانى، په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى بونیادنان له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ئێستادا گفتوگۆ له‌نێوان عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ دیاریكردنى به‌رنامه‌ى حكومه‌تى داهاتوو.

ئه‌وه‌شى وت: "گفتوگۆكانى ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ بڕگه‌ى دابه‌شكردنى وه‌زاره‌ت له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا، ئه‌و پرسه‌ له‌پاش كۆتایى هاتنى قۆناغى رێكه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات". 

به‌پێى رێوشوێنه‌ ده‌ستورییه‌كان سه‌رۆك وه‌زیران له‌پاش راسپاردنیه‌وه‌ ماوه‌ى 30 رۆژى له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى و پێشكه‌شكردنى به‌ په‌رله‌مان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure