هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک شەقام لە سلێمانی دادەخرێن

هەواڵ / کوردستان :: 05/10/2018‌ :: 4685‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
لێپرسراوی پڕۆژەكانی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: دەستیان كردووە بە قیرتاوكردن و چاككردنی شەقامەكانی ناو شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی داهاتوودا چەند شەقامێكی ناو شار قیرتاو دەكرێت و هاتوچۆیان تێدا رادەگیرێت.

ئەبوبەكر تەیب حەسەن لێپرسراوی پڕۆژەكانی شارەوانی سلێمانی بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: تیمەكانمان كاری قیرتاوكردن و چاككردن بۆ شەقامی شەست مەتری مەلیك مەحمود دەكەن.

دەشڵێت: "لەناو شاردا جگە لە قیرتاوكردن خەریكی چاككردنی بەرز و نزمی سەرە مەنهۆڵ و شۆستەكانیش دەبن، هەر بۆ ئەو مەبەستە چەند شوێنێكی شاری سلێمانی شەقامەكان ئامادەكراون بۆ ئەوەی قیرتاو بكرێن، لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە گەڕەكەكانی كارێزەوشك، ئازادی، گۆیژە، مەجیدبەگ، شێخان قیرتاوكراون".

لەبارەی ئەو شەقامانەی لە هەفتەی داهاتوو كاری قیرتاوكردنیان بۆ دەكرێت، هاوكات هاتوچۆیی ئۆتۆمبێلی تێدا رادەگیرێت لێپرسراوی پرۆژەكانی شارەوانی سلێمانی وتیشی: "لەهەفتەی داهاتوودا هەریەك لە شەقامەكانی، نزیك كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی، گەڕەكی چوارباخ لە فولکەی مامەڕیشەوە تا بەڕێوەبەرایەتی ئاگر كوژێنەوە قیرتاو دەكرێت، لە نزیك گۆڕستانی سلێمانی، گەڕەكی خەبات لای مزگەوتی حاجی عارفی عەتار قیرتاو دەكرێن".

ئەبوبەكر تەیب حەسەن ئاماژەی بەوەشكرد" كار لە پڕۆژەی یەكتربڕی دەباشان دەكەین بڕیارە لە مانگی 12ی ئەمساڵ تەواو بكرێت، لەئێستاشدا سەرقاڵی چاككردنی پردی تانجەرۆین بۆ ئەوەی لە زستاندا كێشەی بۆ دروست نەبێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure