سلێمانی: مانگانه‌ ده‌یان كه‌س به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/10/2018‌ :: 18077‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
گۆڕانی شێوازی ژیان و زیادبوونی گوشاره‌ جۆراوجۆره‌كانی سه‌ر مرۆڤی كورد، له‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كییانه‌ن كه‌ جه‌ڵته‌ی دڵ و نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌ی دڵیان له‌ كوردستاندا زیادكردووه‌.


مردن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی دڵه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت نه‌خۆشییه‌كانی ته‌سكبوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌كانی دڵ، له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆماندان. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ته‌سكبوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌كانی دڵ و تووشبوون به‌ جه‌ڵته‌ی كوشنده‌ی دڵ كه‌ جاران له‌ ته‌مه‌نی هه‌ڵكشاودا روویانده‌دا، ئه‌مڕۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ژیانی گه‌نجانیش دروست كردووه‌.

به‌پێی ئامارێكی سه‌نته‌ری بووژانه‌وه‌ی دڵ له‌ سلێمانی، ته‌نها له‌و سه‌نته‌ره‌دا مانگانه‌ نزیكه‌ی (40) كه‌س به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش له‌به‌رچاوبگرین كه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌ پزیشكییه‌كانی دیكه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ش رووده‌ده‌ن، ئه‌وا ژماره‌كه‌ زۆر به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.

دكتۆر ئارام جه‌مال، پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ، پێیوایه‌ "هۆكاری ژینگه‌یی، وه‌ك دڵه‌ڕاوكێ و سترێس و  هه‌روه‌ها وه‌رزشنه‌كردن و زیادبوونی رێژه‌ی جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌كێشان، راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌سكبوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌كان".

هۆكارێكی دیكه‌ به‌ بڕوای دكتۆر ئارام جه‌مال "ئه‌و خواردنانه‌ن كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌ن و كه‌س نازانێت سه‌رچاوه‌ی دروستكردنه‌كه‌ی چۆنه‌".

هه‌رچه‌نده‌ جاران ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زیاتر تووشی ره‌گه‌زی نێر ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و جیاوازییه‌ ره‌گه‌زییه‌ رووی له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌یش به‌هۆی چوونیه‌كبوونی ژیان و خواردن له‌ نێوان نێر و مێ-دا.

خۆشبه‌ختانه‌، كردنه‌وه‌ی به‌شی قه‌سته‌ره‌ و به‌شی نه‌شته‌رگه‌ریی كراوه‌ی دڵ له‌ سلێمانی و شاره‌ گه‌وره‌كانی دیكه‌ی كوردستان رۆڵێكی باشی هه‌بووه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی مردن. 

داتاكان پێمانده‌ڵێن كه‌ له‌ سه‌نته‌ری قه‌سته‌ره‌ی دڵ، رۆژانه‌ تێكڕا ده‌ پرۆسه‌ی دانانی شه‌به‌كه‌ و باڵۆن بۆ نه‌خۆش ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌م سه‌نته‌ره‌ تاکه‌ سه‌نته‌ره‌ له‌ عێراقدا كه‌ به‌ به‌رده‌وامیی شه‌و و رۆژ پێشوازی له‌ نه‌خۆش ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ رۆژانی هه‌ینی و پشووه‌كانیشدا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ره‌ ئه‌هلییانه‌ی دیكه‌ كه‌ هه‌مانه‌ خزمه‌تگوزارییان هه‌یه‌.

به‌ رای دكتۆر ئارام جه‌مال "هێشتا ژماره‌ی پزیشكی پسپۆڕی ئه‌و بواره‌ له‌ كوردستاندا كه‌مه‌ و پێویسته‌ سه‌نته‌ری هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی سلێمانی له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستاندا دابین بكرێت، چونكه‌ ئه‌نجامی چاره‌سه‌ركردنی جه‌ڵته‌ی دڵ تا راده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌سته‌ به‌ خێرایی چاره‌سه‌ره‌كه‌یه‌وه‌".

ئه‌و په‌نده‌ باوه‌ی كه‌ ده‌ڵێت (خۆپاراستن باشتره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردن)  نه‌خۆشییه‌كانی ته‌سكبوونه‌وه‌ی بۆرییه‌كانی دڵ-یش ده‌گرێته‌وه‌. له‌م رووه‌وه‌ دكتۆر ئارام جه‌مال ئامۆژگاریی هاووڵاتیان ده‌كات كه‌ شێوازی ژیان و خواردنیان بگۆڕن و "یه‌كه‌مین مه‌سه‌له‌ كه‌ پێویسته‌ بكرێته‌ نه‌ریت، وه‌رزشكردنه‌. پێویسته‌ هه‌فته‌ی 5 جار وه‌رزش بكه‌یت كه‌ هه‌رجاره‌ی 15-20 خوله‌ك به‌رده‌وام بیت. هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جگه‌ره‌كێشان و كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كانی گوشاری خوێن و شه‌كره‌ گرنگن بۆ رێگریى له‌ ئاكامه‌ خراپه‌كانی جه‌ڵته‌ی دڵ". 

داتاكان پێمانده‌ڵێن كات رۆڵێكی زۆر گرنگی هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی چاره‌سه‌ركردنی جه‌ڵته‌ و راوه‌ستانی دڵ.

له‌م رووه‌وه‌ به‌شی بوژاندنه‌وه‌ و قه‌سته‌ره‌ی دڵ له‌ ماوه‌ی رابردوودا توانیویه‌تی سه‌دان نه‌خۆش له‌ مردن رزگار بكات، ئه‌ویش له‌ڕێی شۆكی كاره‌بایی و دانانی راسته‌وخۆ و خێرای شه‌به‌كه‌ و باڵۆن. كه‌ ته‌نها له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا (50) نه‌خۆشی جه‌ڵته‌ی دڵ راسته‌وخۆ قه‌سته‌ره‌ی چاره‌سه‌رییان بۆ ئه‌نجامدراوه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی دڵ، ئاماره‌كان نیشانیده‌ده‌ن كه‌ له‌ هه‌شت مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا (183) نه‌شته‌رگه‌ریی دڵ له‌ سلێمانی ئه‌نجام دراوه‌، واته‌ به‌ تێكڕایی ده‌كاته‌ نزیكه‌ی (23) نه‌شته‌رگه‌ریی له‌ مانگێكدا. 

قه‌یرانی دارایی له‌ دوای ساڵی  (2014)ه‌وه‌، زه‌برێكی توندی له‌م جومگه‌ هه‌ستیاره‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی وه‌شاندووه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی جیهاندا رۆژ به‌ رۆژ له‌ گه‌شه‌كردندایه‌، به‌ڵام وا نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ له‌ كوردستاندا مانگ به‌ مانگ له‌ پاشه‌كشێدایه‌.
 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure