نێچیرڤان بارزانى: هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌ركه‌وتویى به‌ڕێوه‌چوو

هەواڵ / کوردستان :: 04/10/2018‌ :: 1146‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ
سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌ركه‌وتویى به‌ڕێوه‌چوو، ده‌شڵێت: چونیان بۆ به‌غدا بۆ پاراستنى یه‌كڕیزى نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بووه‌.


نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌ركه‌وتویى و ئارامى به‌ڕێوه‌چوو.

نێچیرڤان بارزانى، وتیشى: "سه‌ركه‌وتنى پڕۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌لى كوردستانه‌" هیواشى خواست له‌ ئاینده‌دا هه‌میشه‌ ئه‌و پڕۆسه‌ به‌ شێوه‌ى ئاشتیانه‌ و دیموكراسیانه‌ به‌ڕێوه‌بچن.

داواشیكرد له‌كاتى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان ئارامى و ئاسایشى خه‌ڵك نه‌شێوێندرێت.

سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: چونى وه‌فدى ئه‌وان بۆ شه‌ڕ یان كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگ نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵێكیانداوه‌ یه‌كێتى ریزه‌كانى كورد بپارێزن. ئه‌وه‌شى وت: پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئیستحقاقى گه‌لى كوردستانه‌، و هی هیچ لایه‌نێك نیه‌.

ئاماژه‌شیدا: ئه‌وه‌ى ده‌ستپێكردنێكى خه‌ته‌رناكه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى خه‌ڵك و لایه‌نه‌كانى كوردستان كاندیدى ئه‌و پۆسته‌ دیاریبكرێت.

بارزانى راشیگه‌یاند: داوامانكردووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌ با كوتله‌ كوردستانیه‌كان یه‌كێكیان هه‌ڵببژێرن.

ده‌رباره‌ى ورده‌كارى گفتوگۆكانیشیان له‌گه‌ڵ وه‌فدى یه‌كێتى له‌ به‌غدا وتى: ئێمه‌ پێمان وتن كه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زاره‌تێكى سیادیى بۆ ئێوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا پۆستى سه‌رۆك كۆمار كه‌ 12 ساڵه‌ له‌لاى ئێوه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ بێت.

رونیشیكردوه‌: دواتر ئه‌وان پێشنیاریان كرد كه‌ له‌ هه‌رێم نه‌رمى زیاتریان بۆ بنوێنین بۆ وه‌رگرتنى پۆست، ته‌نانه‌ت باسى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تیش كرا، بۆ ئه‌وه‌ش ره‌زامه‌ندیمان نیشاندا تا یه‌كێتى و یه‌كڕیزى لایه‌نه‌كان تێكنه‌چێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری دوو ئیدارەیی، جەختیکردەوە: کەس باسی دوو ئیدارەیی نەکردووە و ئەوەش روونادات، بەڵام لەمەودوا پارتیی دیموکراتی کوردستان بەپێی کورسی مامەڵە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.

سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێمیش سه‌رۆك وه‌زیران وتى: سه‌ره‌تا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنین، دواى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وینه‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان.

بارزانى وتیشى: ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا روویدا كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌بێت و ئێمه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و شێوازه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پێشتر حكومه‌تى پێ پێكهێنرا.

سه‌باره‌ت به‌ راسپاردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى رایگه‌یاند: عه‌بدولمه‌هدى شایسته‌ى ئه‌و پۆسته‌یه‌ و پیرۆزبایى لێده‌كه‌ین و به‌هه‌موو پێوه‌رێك شایسته‌ى ئه‌وه‌یه‌ له‌و ئه‌ركه‌ى ئێستا هه‌یه‌تى سه‌ركه‌وتوو بێت.

 

لەبارەی مووچەوە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: بە هیوان بتوانن مووچە و ژیانی خەڵك باشتر بكەن.

 

وتیشی: "لە تونێلێكدان و رووناكییان لێدیارە، بە هیوان بەتەواوی لەو تونێلە دەربچن.

لەبارەی ئەوەی هێزە كوردییەكان بە جیا دانوستان دەكەن لەگەڵ بەغدا یان پێكەوە دەچن باسی ئەوەی كرد: هیچ شتێك روون نییە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure