ئه‌مریكاو ئێران؛ كامیان گره‌وى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى عێراقی برده‌وه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1982‌ جار بینراوە

هەواڵی پەیوەندیدار

دواڕۆژ
هه‌موو خوڵێكى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى و له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق، پێكهێنان و دروستكردنى حكومه‌تى نوێى عێراق، ناوى چه‌ندین كه‌سایه‌تى و ده‌سته‌ و پێکهاتەکانیان ده‌خرێنه‌ به‌رباس و تاوتوێكردن، زۆرێك له‌و باسانه‌ش له‌سه‌ر وه‌لائییانه‌، كه‌ چه‌نده‌ به‌لاى وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمایه‌تى و دراوسێكانه‌وه‌ خوازراون.
له‌ئێستادا پرسیار زۆر ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ دابه‌شكردنى سێ پۆسته‌ سه‌ره‌كییه‌ى عێراقدا ئه‌مریكاوئێران كامیان گره‌وه‌كه‌یان بردووه‌ته‌وه‌؟

نعمه‌ عه‌بادى، سه‌رۆكى ناوه‌ندى عێراقى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند"هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ ده‌زانێت ده‌ستوه‌ردانى وڵاتان هه‌بووه‌ له‌ عێراق، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا كه‌ هۆكارى خوڵقاندنى ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ى عێراق بووه‌، هه‌موو ئاره‌زووى ئه‌وه‌بوو كه‌سانێك كاروبارى وڵات بگرنه‌ ده‌ست، كه‌ به‌لایه‌وه‌ خوازراو بن".

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵ و پێگه‌ى ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراقدا، ئه‌و شیكەره‌وه‌ سیاسییه‌ وتى: به‌شێك له‌وڵاتان به‌رژه‌وه‌ندییان له‌عێراق هه‌یه‌، ناكرێت بڵێین وڵاتێكى وه‌ك ئێران كه‌ سنوورێكى فراوان و درێژى  له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌، كه‌ زیاتر له‌ هه‌زار كێلۆمه‌تره‌، هیچ خواست و ئاره‌زووى نییه‌ له‌ ده‌رچوونى كه‌سانێك.

رونیكردوه‌و وتى: ئێران مێژوویه‌ك و جیۆپۆله‌تێكى هاوبه‌شى له‌ عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ زۆرێك له‌و سیاسییانه‌ى ئێستا ته‌مه‌نێكى زۆریان له‌ ئێراندا به‌سه‌ر بردووه‌.

هاوكات یاسین بیكرى، چاودێر و شیكه‌ره‌وه‌ى سیاسى عێراق، سه‌باره‌ت هه‌ڵبژاردنى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى یه‌كێك له‌ سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئه‌وه‌ نه‌بووبێت، كه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌مریكا خواستیبووه‌، به‌ڵام به‌لاى ئێرانه‌وه‌ خوازراو بووه‌، هاوكات ره‌نگه‌ له‌ویتریاندا و پێچه‌وانه‌كه‌ى راست بێت.

بیكرى له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تییه‌كاندا، له‌پاڵ سازانی سیاسى هێزه‌ عێراقییه‌كان، رێكه‌وتنێكى ناوه‌خنى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنى كه‌سه‌كان، به‌و مانایه‌ى هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك ره‌نگه‌ چانسى هه‌ڵبژاردنى نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌دا تێنه‌په‌ڕێنێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure