بۆچوونی لایەنەكان لەسەر بوونی بەرهەم ساڵح بە سەركۆمار

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/10/2018‌ :: 722‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
دواجار بەرهەم ساڵح دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ سەركۆماری عێراق، دوای ركابەرییەكی توند لەگەڵ فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ هەمان پۆست، شەوی 2-10-2018 بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.


لایەنە سەرەكییەكانی كوردستان بە ئاماژەدان بە توانای بەرهەم ساڵح وەك كەسایەتیه‌كی سیاسی، بەڵام بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بەتوانای سەركەوتووبوونی هەیە بۆ چوار ساڵی داهاتووی، ئەویش بەهۆی دەستوری عێراقەوە كە دەسەڵاتی كەمی بە سەركۆمار داوە.

نەسروڵا سورچی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند، بەرهەم ساڵح به‌ كەسایەتییەكی زیرەك ناسراوە و لە كارەكەیدا سەركەوتوو دەبێت، بەڵام پۆستەكەی زیاتر تەشریفاتییە و دەسەڵاتی زیاتر لای سەرۆك وەزیرانه‌.

سەبارەت بەوەی سوننە و شیعە هاوكاری دەكەن بۆ سەركەوتووبوونی كارەكانی، ناوبراو وتی "سەركۆمار دەستور دەپارێزێت، لەو رووەشەوە كێشەیەك هەبێت دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی تانەی لێبدەن، چونكە پۆستەكە رەمزییە".

پارتی دیموكراتی كوردستان ركابەری سەرسەختی بەرهەم ساڵح بوون بۆ ئەو پۆستە، تەنانەت لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنیش لەنێو پەرلەماندا، كە بەرهەم ساڵح لەپێش فوئاد حسێن كاندیدی پارتییەوە بوو، مەسعود بارزانی راگەیەندراوێكی توندی دەكرد و رایگەیاند "ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار قابیلی قبوڵ نییە و هەڵوێستمان دەبێت".

رێناس جانۆ، وتەبێژی پێشووی فراكسیۆنی پارتی بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەمڕۆ لەكاتی چوونە نێو كۆشكی سەلام فەرشی سوریان بۆ راخستبوو، بەڵام بۆ ئیشكردن فەرشی سووری بۆ رانەخراوە و ئیدارەدانی ئەو پڕۆسەیە زەحمەتە بەتایبەتیش لە عێراقدا".   


هاوکات ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە، بەرهەم ساڵح كەسێكی بەتوانایە و دوای جەنابی مام جەلال شایستەی ئەو پۆستەیە، بەڵام دەستور دەسەڵاتی زۆری پێنەداوە، یان دەتوانرێت بوترێت سەركۆمار تەنیا بۆ رازیكردن به‌ كورد دراوە و وتیشی "سەرۆك هەندێك دەسەڵاتی پرۆتۆكۆڵییە، بۆ نموونە بزانین دەتوانێت ماددەی 140 كە بۆ كورد گرنگە جێبەجێ بكات".

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند، سەركۆمار رەمزی شەراكەتی كوردە لە حوكمڕانی عێراقدا و جێبەجێكردنی دەستوورە، بەڵام رێگەكانی بەردەم بەرهەم ساڵح ئاسان نییە، بەتایبەتی نێوماڵی كورد و وتی "خۆزگە د.بەرهەم ساڵح بەكۆدەنگی هێزە كوردییەكان ئەو پۆستەی وەربگرتایە، ئێستاش ئومێدەوارین نوێنەرایەتی هەموو لایەك بكات نەك تەنها ئەو حیزبەی كە بۆی گەڕاوەتەوە".

بەبۆچوونی سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامیش بۆ دواڕۆژ، بەرهەم ساڵح كەسایەتی دووربینە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی، بەڵام دەستور كۆت و بەندی بۆ داناوە، بۆیە دەسەڵاتی زۆری نییە.

ناوبراو وتی "بەرهەم ساڵح دەتوانێت رۆڵی ئاشتەوایی بگێڕێت و پەیوەندی هەرێم و بەغداد زیاتر بپارێزێت، كوردیش لەو تەنگوچەڵەمەیەی ساڵانی رابردوو دووربخاتەوە".

بەرهەم ساڵح پێشتر سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بوو كە سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند، بەڵام مانگی رابردوو دەستی لە حیزبەكەی كێشایەوە و گەڕایەوە نێو ریزەكانی یەكێتی كە پێشتریش جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو.

عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە دواڕۆژی راگەیاند، ئەوان لە تواناكانی بەرهەم ساڵح رادەبینن و دەتوانێت رۆڵێكی گەورە ببینێت، كە ئەوەش بەندە بە هاوكاری هێزە كوردییەكانەوە بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، بۆیە ئەو دوو هێزە ئەگەر نەگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی لە بەغداد پێكەوە كار بكەن، كاریگەری لەسەر رۆڵی سەرۆك كۆماریش دەبێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure