مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 03/10/2018‌ :: 27284‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، جەخت لەوە دەكەینەوە كە سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستان بووە و پشكی لایەنێكی سیاسی نەبووە، هەمیشەش لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی هێزە كوردستانییەكان یەكلایی كراوەتەوە. ئەوەی یەكێتی نیشتمانی ئەمجارە كردی تێكدانی ئەم تەوافقە بوو، ئەمەش سەرەتایەكی خراپە بۆ یەكلا كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌م، به‌سه‌رپه‌رشتی مەسعود بارزانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ راگه‌یاندراوێكدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر شێوازی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بڵاوكردۆتەوە.

راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

ئەمرۆ، 3/10/2018 ، بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، مەكتەبی سیاسی كۆبۆوە بۆ تاوتوێی و بەدواداچوونی پرۆسەی سیاسی عێراق و لێكەوتەكانی ئەم دواییە، ئەمەش لە روانگەی هەوڵەكانی كە درابوون بۆ چارەسەری كێشەكان و هەروەها لە روانگەی پاراستنی یەك ریزی و تەبایی نێو ماڵی كوردستانی.

سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، جەخت لەوە دەكەینەوە كە سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستان بووە و پشكی لایەنێكی سیاسی نەبووە، هەمیشەش لە چوارچێوەی تەوافق و سازانی هێزە كوردستانییەكان یەكلایی كراوەتەوە. ئەوەی یەكێتی نیشتمانی ئەمجارە كردی تێكدانی ئەم تەوافقە بوو، ئەمەش سەرەتایەكی خراپە بۆ یەكلا كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.

بۆیە ئێمە ئەم پۆستە و شێوازی دانانی ئەمجارەی، بە نوێنەرایەتی و ئیستحقاقی گەلی كوردستانی نازانین و، دەرگایەكیشی كردەوە كە خەڵكانی دیكە بڕیار لەسەر ئەو ئیستحقاقەی ئێمە بدەن نەك نوێنەرانی گەلی كوردستان.

پارتی بە گرینگییەوە سەیری هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقی كردووە و بەشدار بووە لە بیرو را گۆرینەوە، بە تایبەتیش كە بەزەروری زانیوە لە عێراقی نوێدا پێكهاتەكان لە ئیستحقاقاتی بڕیارلێدراو بەهرەمەندبن و ئەو ئیستحقاقاتانەش لە ئاكامی قەناعەت و بۆچوونی پێكهاتەكان بێت و نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەوان بكات. لە ئێستاشدا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە وردی متابعە دەكەین و، لەكاتی خۆیدا بڕیاری پێویست دەدەین.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3/10/2018



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure