​ باشترین سیستم بۆ دابەزاندن یان زیادكردنی كێش

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 04/10/2018‌ :: 24903‌ جار بینراوە
یوسرا كەمال

دواڕۆژ، سامان قوبادی
لە دیدارێكی دواڕۆژدا دكتۆر یوسرا كەمال پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك لە شاری پزیشكیی فاروق، وەڵامی چەند پرسیارێكی تایبەت بە باشترین سیستمی خۆراكی رۆژانە و دابەزاندن یان زیادكردنی كێش دەداتەوە. باس لە باشترین خۆراك بۆ زیادكردنی شیر و بەهێزكردنی تاڵەكانی قژ و رێگریی لە هەڵوەرینی دەكات. 


دواڕۆژ: كەسێكی ئاسایی  بۆ لەشێكی تەندروست، پێویستە رۆژانە بەرنامەی خواردنی چۆن بێت؟ 
یوسرا كەمال: بۆ لەشێكی تەندروست، كەسێكی ئاسایی پێویستی بە خواردن و خەو و وەرزشی تەندروستیی رۆژانە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی لەشولارێكی جوان و دوور لە نەخۆشییە درێژ خایەنەكان. پێویستە خواردنی ڕۆژانە هەمەجۆر بێت، پێكهاتە سەرەكییەكانی خواردن كە بریتین لە كاربۆهیدرات، چەوری، پڕۆتین  و بەها خۆراكییەكان و ڤیتامین و كانزاكانی تێدابێت، واتە تەنها كالۆری نەبێت و خۆبەدوور بگیرێت لە خواردنەوە گازییەكان.

دواڕۆژ: ئەو خواردنانە كامانەن كە بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەش بەسوودن؟
یوسرا كەمال: هیچ جۆرە خواردنێك نییە كێشی لەش دابەزێنێت، بەڵام كاتێك پلانێكی خواردنی تەندروست هەبێت وزەكەی كەمترە لەوەی كە جەستە رۆژانە دەیسووتێنیت، وادەكات كێش دابەزێت، ئەمەش لەگەڵ وەرزشی رۆژانە.

دواڕۆژ: ئەی زیادكردنی كێش یان ئەو كەسانەی تووشی بەدخۆراكی بوون پێویستیان بە چ خۆراكێكە؟ رۆژانە چەند جار ئەو خواردنانە بخۆن؟
یوسرا كەمال: پێویستە بزانین كەسەكە بۆچی لاوازە یان بۆچی كێشی كەمە؟ ئایا هیچ نەخۆشییەكی هەیە یان نا؟ دوای زانینی هۆكارەكەی ئەگەر زانرا هیچ نەخۆشییەكی نییە، پلانی تایبەتی خواردنی بۆ دادەنرێت، بەپێی ئەوەی جەستەی كەسەكە لە رۆژێكدا چەند وزە دەسووتێنێت، ئەوكات پلانی خواردنەكە 500 بۆ 1000 كالۆری دەبێت، لەوە زیاتر بێت كە جەستەی دەیسووتێنێت، بەمەش وردە وردە كێشی زیاد دەكات، بەردەوام پلانەكە 2500 بۆ3500 كالۆری دەبێت لە رۆژێكدا، پێویستە خواردنی تەندروست بێت، ئێمە نامانەوێت بە خواردن و خواردنەوەی خراپ و خێرا یان بە خواردنەوە گازییەكان كێشی لەشی زیاد بكات.

دواڕۆژ: خەڵك بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە خواردنی سەر عەرەبانەكانی ناو بازاڕ و سەر شەقام كردووە بەتایبەت خواردنی قیمە و جگەر و مریشك، قسەی تۆ لەسەر ئەم خواردنانە چییە لەو شوێنانە؟ 
یوسرا كەمال: هەر خواردنێك ئەگەر رێگەی ئامادەكردن و شێوازی هەڵگرتنی سەلامەت بێت، دوور بێت لە بەركەوتنی میكرۆب ئەوا كێشەی نییە، بەڵام كێشەمان لەگەڵ خواردنی دەرەوە ئەوەیە كاتێك خواردنی سەر عەرەبانەكان ئامادەدەكرێت زۆر چەورن و هەڵگرتنیان تەندروست نییە، بۆیە دەبێت خۆ بەدوور بگیرێت لێیان.

دواڕۆژ: زۆركات باس لە خواردنی میوەكان دەكرێت بە توێكڵەوە، كامانەن ئەو میوانەی كە بەسوودن بە توێكڵەوە بخورێن؟
یوسرا كەمال: بەردەوام باس لەوە دەكەین میوەكان بە توێكڵەوە بخورێن، چونكە ریشاڵ لە توێكڵی میوەكان بەشێوەیەكی زۆر هەیە، زۆر پێویستمان بە ریشاڵەكانە. بۆ كەسێكی گەورە پێویستە 25 بۆ 35 گرام لە خواردنەكەیدا هەبێت، ئەمەش لە سەوزە و توێكڵی میوەكاندا هەیە، هەندێكجار ڤیتامینیان زۆرتر تێدایە، بۆ نموونە پرتەقاڵ پێستە سپیەكەی لێ نەكرێتەوە، چونكە بڕێكی زۆر ڤیتامینی تێدایە، بەڵام ئەو میوانەی ئێستا لەبازاڕەكاندا هەن لەوانەیە توێكڵەكەی مادەی كیمیایی پێوەبێت، بۆیە پێویستە لێبكرێتەوە، بەڵام لیمۆ و پرتەقاڵ باشترە توێكڵەكەی پێوەبێت.

دواڕۆژ: باشترین بەرنامەی رێجیم چییە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش؟
یوسرا كەمال: پلانی خواردن زۆرە و بەپێی كەسەكان دەگۆڕێت، باشترین جۆری پلانی خواردن بۆ رێجیم ئەوەیە خواردنەكان هەمەجۆر بێت بە بڕێكی كەم، ئەمەش لەڕێگەی پزیشكی پسپۆڕی خۆراكەوە دیاریی بكرێت.
دواڕۆژ: گۆشتی بەستوو یان لە قتوونراو خواستی زۆری لەسەرە، تاچەند بەشیاوی دەزانیت؟
یوسرا كەمال: بەپێی توێژینەوەكان پێویستە خەڵك خۆی لێ بەدوور بگرێت، لەبەرئەوەی دەبێتەهۆی دروستبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، بەتایبەت شێرپەنجەی قۆڵۆن، بۆیە پێویستە خۆمانی لێ بەدووربگرین.

دواڕۆژ: ئەو خواردنانەی رێگر دەبن لە رووتانەوەی قژ، چین؟
یوسرا كەمال: ئەو خواردنانەی بەسوودن بۆ قژێكی تەندروست یان بۆ رێگریی لە هەڵوەرینی، ئەو خواردنانەن پڕۆتینیان تێدایە كە پێكهاتەی سەرەكیی دروستبوونی قژە و مادەی ئاسن و هەروەها ڤیتامین D و C و E یان تێدایە.

دواڕۆژ: رێنماییت چییە بۆ ئەو دایكانەی شیریان كەمە؟
یوسرا كەمال:  ئەو كەسانەی شیر دەدەن، دەبێت هاوسەنگی لەخۆراكیاندا هەبێت، واتە پێكهاتە و بەها خۆراكییەكانی تێدا بێت. ئەو خواردنانەیش كە رێژەی شیر زیاد دەكەن وەك شۆفان، چونكە پرۆتین و ریشاڵی باشی تێدایە دەتوانرێت لەگەڵ شیردا بەكار بهێنرێت، یاخود گێزەر كە ڤیتامین A تێدایە، هەروەها سپێناغ و جەرجیر و سڵق لەكاتی دووگیانبوون و دواتریش پێویستە بخورێن، لەبەرئەوەی فۆلیك ئەسیدی تێدایە. هەروەها شیر و شیرەمەنییەكان پێویستە زۆر بخورێن بۆئەوەی منداڵێكی تەندروستیان هەبێت، بەڵام گرنگتر لە هەموویان رۆژانە خواردنەوەی 2 بۆ 3 لیتر و نیو ئاوە.

دواڕۆژ: لەكاتێكدا نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و پەستان و چەوری و شێرپەنجە رووی لە زیادبوونە، پێتوایە هۆشیاریی سیستمی خۆراك لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە چ ئاستێكدایە؟
یوسرا كەمال: زۆربەی ئەم نەخۆشییە جۆراوجۆرانە كە رووی لە زیادبوونە، بەهۆی  خواردنی ناتەندروستەوەیە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان خەڵك چاوكراوە بووە و ئاگای لە جەستە و خواردنی خۆیەتی، هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیاندا دەكەن، پێشتر بەو شێوەیە نەبوو، ئێستا سەردانی دكتۆری پسپۆڕی خۆراك دەكەن، جگە لەوە میدیاكان وایان كردووە رۆشنبیریی تەندروستی و خۆراك لەناو خەڵكدا زیاتر بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure