داواده‌كرێت زه‌وییه‌ روكنه‌كانى شاره‌كان هه‌ڕاج فرۆش نه‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 04/10/2018‌ :: 256‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایه‌ك بۆ هه‌ڕاج نه‌كردنى زه‌وییه‌ روكنه‌كانى شاره‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و داواشده‌كات: حكومه‌ت سه‌رچاوه‌ى ترى داهات بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان په‌یدابكات.


كاسترۆ مه‌عروف، سەرۆكی فراكسیۆنی ھاوپەیمانی نیشتیمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چوارشه‌ممه‌ 3ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: له‌ یاداشتێكدا كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێممان كردووه‌ داواى وەستاندن و رێگریکردن لە فرۆشتنی زەویە رووكنەكانمان لەلایەن شارەوانیەكانی  سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه‌، چونکە زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە سەروەتی نیشتیمانی.

وتیشى: "شێوازى ھەراجکردن و فرۆشتنی زەوییە رووكنەكان بە نرخێكی كەم بە بازرگانەكانی زەوی ھیچ پێناسەیەك ھەڵناگرێت جگەلە زیانگەیاندن به‌ بەرژەوەندی گشتی و دەوڵەمەندبوونی كەمینە بازرگانێكی دەستڕۆیشتوو".

كاسترۆ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: دەکرێت حکومەتی ھەرێم لەجیاتی ئەو هه‌نگاوه‌ بۆ په‌یداكردنى داھات بۆ ناوچەکان بیری لەشێوازێکی تر بکردایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ داواى راگرتنی ئەو بڕیارە ده‌كه‌ین كه‌ تائێستا بە سەدان پارچە زەوی پێفرۆشراوە.

ئاماژەی بەوەشدا: كاری حكومەتە سەرچاوە و سێکتەری تر بدۆزێتەوە بۆ په‌یداكردنی داھات بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان، نەك لەکاتێکی ئاوهادا کە نرخی زەوی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە زەوییەکانی ھەرزانفرۆش بكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure