تره‌مپ بۆ پاشای سعودیه‌: دوو هه‌فته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نامێنیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پارێزگاریت نه‌كه‌ین

هەواڵ / جیهان :: 03/10/2018‌ :: 293‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر پارێزگاریكردن و پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی نه‌بێت، پاشای سعودیه‌ ناتوانێت دوو هه‌فته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌.


دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوێنێ سێشه‌ممه‌ 2ی  تشرینی یه‌كه‌م له‌ میانی وتارێكیدا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن له‌ ساوسفن له‌ میسیسیپی وتی: "ئێمه‌ پارێزگاری له‌ سعودیه‌ ده‌كه‌ین، ده‌ڵێن ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندن، من پاشاكه‌م خۆشده‌وێت، به‌ڵام من پێم وتووه‌ (ئه‌ی پاشا، ئێمه‌ پارێزگاریت لێده‌كه‌ین، له‌وانه‌یه‌ به‌بێ ئێمه‌ دوو هه‌فته‌ نه‌توانیت له‌ ده‌سه‌ڵات بمێنیته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پشتیوانی سوپاكه‌ت بكه‌یت". 

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ شه‌ممه‌ی رابردوو تره‌مپ له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردندا له‌ ویلایه‌تی فێرجینا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌ شا سه‌لمانی پاشای سعودیه‌ی وتووه‌ كه‌ خودی خۆی ناتوانێت پارێزگاری له‌ فڕۆكه‌كانی بكات ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پارێزگارییان لێنه‌كات.

ئه‌م قسانه‌ی تره‌مپ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا سعودیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا دروستیكرد و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێوانیان كۆتایی هات. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure