"225 سندوق قردێلەی سوورى له‌سه‌ره‌"

هەواڵ / کوردستان :: 03/10/2018‌ :: 239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایدەگەیەنێت، 225 سندوقی دەنگدان قردێلەی سوریان لێدراوە و لیژنەیەکی پێنج کەسیشیان بۆ لێکۆڵینەوە لەو سندوقانە پێکهێناوە.


هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، سه‌باره‌ت به‌و سندوقانه‌ی قردێله‌ی سوریان له‌سه‌ره‌ ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تشرینی یەكەم بە دواڕۆژی راگەیاند: مه‌رج نییه‌ ئه‌و سندوقانه‌ به‌هۆی سكاڵاوه‌ قردێله‌ی سوریان لێدرابێت و زۆربه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ رێكاره‌كانی كۆمسیۆنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێكیان قوفڵیان پێوه‌ نه‌بووه‌ یان ژماره‌ی قوفڵه‌كان یه‌كناگرنه‌وه‌.

رونیشیکردەوە: سندوقه‌كان ژماره‌یان زیاد ده‌بێت و وردبینی له‌ هه‌مووشیان ده‌كرێت.

تائێستا زیاتر لە 425 سكاڵا تۆماركراوە و بەوهۆیەوە 225 سندوق قردێڵەی سووریان لێدراوە، به‌جۆرێك لە سلێمانی 117 سندوق و لە هەولێر 57 سندوق و لە دهۆک 51 سندوق قردێلەی سوریان پێوه‌یه‌.

پێشتر شێروان زرار، وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ پێنج ئەندامی كۆمسیاران و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر سكاڵاكانی پارێزگای هەولێر و هەڵەبجە كۆبووینەوە هیچ بڕیارنەدراوە، چونكە سبەی جارێكی تر كۆدەبینەوە و بڕیار لەسەر سكاڵاكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاكانی تر دەدرێت.

وتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ سكانكردنی فۆڕمی 53ی دەنگدان كۆتایی بێت، ئەوا ئەنجامی بەرایی رادەگەیەندرێت".

وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران، ئاماژەی بەوەشكرد: كۆمسیۆن لەسەر سكاڵاكان راناوەستێت، بەڵكو ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنێت و دواتر سكاڵاكان یەكلایی دەكرێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure