سه‌رۆك كۆمار عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپارد

هەواڵ / عێراق :: 02/10/2018‌ :: 12471‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
سه‌رۆك كۆمارى عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق راسپارد.

میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌: ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ 2ى تشرینى یه‌كه‌م به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپاردووه‌.

حه‌سه‌ن عه‌لى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تائێستا ئه‌و پرسه‌ به‌ فه‌رمى به‌ ئێمه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

وتیشى: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌پێى رێككاره‌كان پێویسته‌ كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین كوتله‌وه‌ دیاریبكرێت، به‌ڵام له‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك كۆماریشدایه‌ كه‌ كه‌سێك بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپێرێت".

به‌پێى زانیارییه‌كان عەبدولمەھدی لە لایەن ھەردوو کوتلەی بنیاتنان و چاکسازییەوە پشتیوانى ده‌كرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.

عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌ركرده‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى عێراق، پێشتر چه‌ند پۆستێكى ترى له‌ئه‌ستۆدا بووه‌ وه‌ك جێگرى سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیرى نه‌وت.

لاى خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د له‌كه‌ش، په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنى حیكمه‌ بۆ دواڕۆژ دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ راسپاردووه‌.

وتیشى: "عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ كه‌سایه‌تیه‌ به‌تواناكانه‌" و هیواى سه‌ركه‌وتنیشى بۆ خواست له‌ ئه‌ركى پێكهێنانى حكومه‌ت و گه‌یاندنى وڵات به‌ ئارامى.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure