به‌هۆی "ته‌قه‌ی خۆشییه‌وه‌" که‌سێک گیانی له‌ده‌ستدا و گه‌نجێكیش برینداربوو

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 3481‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف و عەلی حەمەسەعید
ئەمشەو سێشەممە، بەهۆی "تەقەی خۆشییەوە" لە قەزای چەمچەماڵ پیاوێکی تەمەن 47 ساڵ گیانی لەدەستدا و له‌ شاره‌زوریش گه‌نجێك برینداربوو.


ئه‌یوب حه‌مه‌ غه‌ریب، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مشه‌و بریندارێکیان گەیاندە به‌شی فریاکه‌وتن له‌ نه‌خۆشخانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ که‌ به‌هۆی ته‌قه‌ی خۆشییه‌وه‌ برینداربوو بوو، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی له‌ده‌ستدا.

وتیشی: "قوربانیه‌که‌ ناوی (ف.م. ا) و ته‌مه‌ن 47 ساڵ بوو، لەماڵی خۆیاندا گوللەکەی بەرکەوتووە".

هاوکات لە قەزای شارەزوور، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بەهۆی تەقەی خۆشییەوە بەسەختی برینداربوو و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی كرا.

کەمال ئەحمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەوف بەگ لە قەزای شارەزوور، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمشەو گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بەبرینداری گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە گوللە بەر سەری کەوتبوو و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیمان کرد".

ئه‌مشه‌و دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری عێراق، به‌شێک له‌ هاوڵاتیان به‌ ته‌قه‌کردن گوزارشتیان له‌خۆشییه‌کانیان کرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure