ژیاننامەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق

هەواڵ / عێراق :: 02/10/2018‌ :: 7833‌ جار بینراوە
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ
بەرھەم ئەحمەد ساڵح، لە ساڵی‌ 1960 لە سلێمانی‌، لەدایک بووە و سەرۆک وەزیرانی کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو لەساڵانی 2009 بۆ 2012.


لەساڵی‌ 1979دا دووجار لەلایەن رژێمی‌ بەعسەوە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی‌ پەیوەندیکردن بەڕیزەکانی‌ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانەوە، ماوەی‌ 43 رۆژ لە زیندانەکانی‌ ئاسایش (ئەمن) لە (ھەیئەی‌ تەحقیقی خاصە) لە کەرکوک دەستگیرکراوە. 

خوێندنی‌ زانکۆی‌ تەواوکردووە، بڕوانامەی‌ بەکالۆریۆسی‌ لە ئەندازیاریی‌ شارستانی و تەلارسازی ساڵی‌ 1983 لە زانکۆی‌ کاردیف لە بریتانیا بەدەستھێنا. خاوەنی‌ بڕوانامەی‌ دکتۆرایە لە بواری‌ ئامار و پراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاریی‌ گشتیدا‌ لە ساڵی‌ 1987 لە زانکۆی‌ لیڤەرپول لە بریتانیا، وەک ئەندازیاری‌ راوێژکار لە کۆمپانیایەکی‌ ئەوروپی‌ کاری‌ کردووە.

لە کۆتایی ساڵی‌ 1976 پەیوەندیی کردوە بە ریزەکانی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە. لە سەرەتای ھەشتاکانەوە بۆتە ئەندام لە رێکخستنەکانی‌ ئەوروپای‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بۆتە بەرپرسی‌ پەیوەندییەکانی‌ یەکێتیی‌ لە لەندەنی‌ پایتەختی‌ بریتانیا.

لە یەکەمین کۆنگرەی‌ ئاشکرای‌ یەکێتیی نیشتمانیی لە باشووری کوردستان لە ساڵی 1992، بە ئەندامی‌ سەرکردایەتی‌ ھەڵبژێردراوە و ئەرکی بەڕێوەبردنی‌ مەکتەبی‌ پەیوەندییەکانی‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی‌ ئەمریکای‌ پێ سپێردراوە، دواتر لە کۆنگرەی یەکێتیدا بە جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی دیاریکراوە.

نوێنەری‌ یەکەمین کابینەی حکومەتی‌ ھەرێم بووە لە دوای‌ یەکەمین ھەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ لە کوردستان لە ساڵی‌ 1992دا، بۆتە بەرپرسی‌ پەیوەندییەکانی‌ دەرەوە لە واشنتن.

سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ حکومەتی‌ ھەرێمی‌ کوردستان (سلێمانی) بووە، لە ماوەی‌ نێوان کانونی‌ دووەمی‌ 2001 و ناوەڕاستی‌ 2004 لە سەر داخوازی سەرکردایەتی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە رۆژی‌ 25ی تەمموزی 2009 لە لایەن سەرکردایەتییەکانی یەکێتی و پارتییەوە کاندید کراوە بۆ سەرۆکایەتی‌ لیستی‌ کوردستانی‌ بۆ ھەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان.

لە مانگی ئەیلولی 2011 نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت پێشکەش بە سەرۆکی ھەرێم کردوە.

لە 2ی شوباتی 2012 نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە پەسەند کرا.

لە دوای‌ رووخانی‌ رژێمی سەدام لە بەغدا، بووە بە جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ حکومەتی‌ کاتیی عێراق لە نیوەی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ 2004، لە ساڵی‌ 2005 بووە بە وەزیری‌ پلاندانان لە حکومەتی‌ ئینتیقالی‌ عێراق. 

دواتر لەساڵی 2006 تاوەکو 2009 جێگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ حکومەتی‌ ھەڵبژێردراوی‌ عێراق (حکومەتەکەی‌ نوری‌ مالکی) بووە، ھاوکات سەرۆکایەتی‌ لیژنەی‌ ئابوری‌ پێسپێردراوە.

لەساڵی 2018 لە یەکێتی چووە دەرەوە و لیستێکی نوێی بە ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) دروستکرد و دواتر لە مانگی ئەیلولی 2018 چووەوە ناو یەکێتیی و وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرکۆمار دیاریکرا کە ئەمڕۆ 2ی تشرینی یەکەمی 2018 لە پەرلەمانی عێراقەوە وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure