به‌رپرسێكى یه‌كێتى وه‌ڵامى په‌یامه‌كه‌ى بارزانى ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 02/10/2018‌ :: 63239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە پەرلەمانی عێراق بەپێی ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتارانە و هیچ کێشەیەکی نییە.


ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆك كۆماری عێراق دەستی پێكرد و لە گەڕی یەکەمدا بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی 165 دەنگی بەدەستهێنا و فواد حسێنی کاندیدی پارتیش 89 دەنگ. لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە ئەو ئالییەتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار قبوڵ ناکەن و "هەڵوێستیان" دەبێت.

نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق هەر بەو شێوەیەیە كە زۆرینەی ئەندامان لە پەرلەمان ئامادەبوون و رێژەی یاسایی تەواوبووە و چۆتە دەنگدانەوە، ئیتر نازانم بارزانى مەبەستی چییە؟".

لەبارەی ئەوەی ئایا دوای وتەکانی بارزانی کێشە لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستدەبێت نەرمین عوسمان رونیکردەوە: لەو باوەڕەدا نیم بگاتە ئەو ئاستە، مەگەر لەسەر دروستكردنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان گرفت دروست ببێت، بەڵام ئەوەی بەغدا لە پەرلەمان دەكرێت و هیچ كێشەیەكی نییە و دەیان یاساناس و دادوەری لێیە و بە بەرچاوی پەرلەمانتارانەوەیە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure