كشانه‌وه‌ى فوئاد حسێن ره‌تكرایه‌وه‌
خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ده‌ستیپێكرد

هەواڵ / عێراق :: 02/10/2018‌ :: 6774‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
(كه‌مێك پێش ئێستا) خولى دووه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى نوێى عێراق له‌ په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد و كشانه‌وه‌ى فوئاد حسێن له‌لایه‌ن سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.


پاش ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتنى ئاسایى خۆیدا هه‌ڵبژاردنى بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌نێو كاندیدانى پۆسته‌كه‌ ئه‌نجامدا هیچ كام له‌ كاندیده‌كان نه‌یانتوانى ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنن.

له‌ خولى یه‌كه‌مى ده‌نگدانه‌كه‌: بەرهەم ساڵح 165 ده‌نگ، فوئاد حسێن 89، سروە عەبدولواحید 18، ده‌نگى پوچه‌ڵ 12 و ده‌نگى سپى 8 ده‌نگ بوون.

دوابه‌دواى به‌ڕێوه‌چوونى خولى یه‌كه‌م، محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد حسێن، كه‌ له‌ خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌شدارده‌بن، كرد وته‌ى خۆیان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران پێشكه‌ش بكه‌ن.

دواتریش سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌ سه‌رۆكى دادگاى فیدڕاڵى كرد بۆ ده‌ستپێكردنى خولى دووه‌م.

د. ته‌ها حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌ندامى كوردى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنى خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، فوئاد حسێن كشانه‌وه‌ى خۆى له‌ پڕۆسه‌كه‌ راگه‌یاند.

وتیشى: "به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كشانه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنى پارتییه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا، سه‌رۆكى په‌رله‌مان داوایكرد خودى فوئاد حسێن له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان كشانه‌وه‌ى خۆى رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: فراكسیۆنى پارتى هۆڵى په‌رله‌مانیان جێهێشتووه‌.

(له‌ئێستاشدا) خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و ده‌نگدان له‌نێوان هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد حسێن ده‌بێت.

له‌ خولى دووه‌مدا هه‌ر كاندیدێك زۆرترین ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێته‌ سه‌رۆك و له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سوێندى یاسایى ده‌خوات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure