ئه‌مشه‌و په‌رله‌مان سه‌رۆك كۆمارى نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت

هەواڵ / عێراق :: 02/10/2018‌ :: 1724‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
بڕیاره‌ كه‌مێكى تر خولى دووه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى نوێى عێراق له‌ په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت.


پاش ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتنى ئاسایى خۆیدا هه‌ڵبژاردنى بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌نێو كاندیدانى پۆسته‌كه‌ ئه‌نجامدا هیچ كام له‌ كاندیده‌كان نه‌یانتوانى ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنن.

له‌ خولى یه‌كه‌مى ده‌نگانه‌كه‌: بەرهەم ساڵح 165 ده‌نگ، فوئاد حسێن 89، سروە عەبدولواحید 18، ده‌نگى پوچه‌ڵ 12 و ده‌نگى سپى 8 ده‌نگ  بوون.

دوابه‌دواى به‌ڕێوه‌چوونى خولى یه‌كه‌م، محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد حسێن، كه‌ له‌ خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن، كرد وته‌ى خۆیان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران پێشكه‌ش بكه‌ن.

دواتریش سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌ سه‌رۆكى دادگاى فیدڕاڵى كرد بۆ ده‌ستپێكردنى خولى دووه‌م.

(له‌ئێستاشدا) خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد.

له‌ خولى دووه‌مدا هه‌ر كاندیدێك زۆرترین ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێته‌ سه‌رۆك و له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سوێندى یاسایى ده‌خوات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure