په‌رله‌مان به‌رهه‌م ساڵح-ى وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى نوێ هه‌ڵبژارد

هەواڵ / عێراق :: 02/10/2018‌ :: 6599‌ جار بینراوە
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى نوێى عێراق

دواڕۆژ
له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌يدا په‌رله‌مانى عێراق له‌نێو كاندیدانى سه‌رۆك كۆمار، د. به‌رهه‌م ساڵح،ى وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى نوێ هه‌ڵبژارد.

(كه‌مێك پێش ئێستا) خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى نوێى عێراق له‌ په‌رله‌مان كۆتایى هات و د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، كاندیدى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان وه‌ك براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و سه‌رۆك كۆمارى نوێ راگه‌یه‌نرا.

پاش ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتنى ئاسایى خۆیدا هه‌ڵبژاردنى بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌نێو كاندیدانى پۆسته‌كه‌ ئه‌نجامدا هیچ كام له‌ كاندیده‌كان نه‌یانتوانى ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنن، خولێكى ترى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا.

له‌ خولى یه‌كه‌مى ده‌نگدانه‌كه‌: بەرهەم ساڵح 165 ده‌نگ، فوئاد حسێن 89، سروە عەبدولواحید 18، ده‌نگى پوچه‌ڵ 12 و ده‌نگى سپى 8 ده‌نگ بوون.

له‌ خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شدا كه‌ 272 په‌رله‌مانتار ده‌نگیاندا، به‌رهه‌م ساڵح به‌ به‌ده‌ستهێنانى 219 ده‌نگ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرا.

دوابه‌دواى هه‌ڵبژاردنیشى به‌رهه‌م ساڵح سوێندى یاسایى خوارد و وته‌یه‌كیشى له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان پێشكه‌شكرد و رایگەیاند "دەبمە سەرۆکی عێراق، نەک بۆ لایەنێک یاخود پێکهاتەیەکی دیاریکراو".

پاشان سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ى كۆتایى پێهێنا و رایگه‌یاند: دانیشتنى دواترى په‌رله‌مان له‌ سێشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure