"سكاڵاكان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ده‌بێت"

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 1137‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران ئاشكرايده‌كات 225 سكاڵا تۆماركراوه‌ و به‌شێكیش له‌ سندوقه‌كان قردیڵه‌ى سووریان لێدراوه‌، ده‌شڵێت: به‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ى سكاڵاكان، گۆڕانكارى له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن رووده‌دات.


شێروان زار، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لیژنه‌یه‌كى باڵا بۆ تاوتوێكردنى شێوازى سكاڵاكان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ دروستكراوه‌ و به‌وردى سه‌یرى سكاڵاكان ده‌كرێت و وه‌ڵامده‌درێنه‌وه‌ و ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران له‌سه‌ر سكاڵاكان كۆده‌بێته‌وه‌.

وتیشى: "له‌سلێمانى 117 سكاڵا و له‌ هه‌ولێر 57 سكاڵا و له‌ دهۆكیش 51 سكاڵا تۆماركراوه‌".

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران، رونیكرده‌وه‌: به‌هۆى ئه‌و سكاڵایانه‌ى تۆماركراوه‌ به‌شێكى زۆر له‌ سندوقه‌كان قردێڵه‌ى سووریان لێدراوه‌ و بۆیه‌ "گۆڕانكارى له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن رووده‌دات".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمسیۆن، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: دواى یه‌كلایكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى سكاڵاكان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هه‌ردوو ئه‌نجامى به‌رایى و ئه‌نجامى سكاڵاكان راده‌گه‌یه‌نێنین، ده‌شڵێت: "ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى له‌لایه‌ن میدكانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ به‌رپرس نین، بۆیه‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ رووبدات به‌هۆى سكاڵاكانه‌وه‌، كارێكى ئاساییه‌".

هاوكات 90 سكاڵاى تر له‌لایه‌ن قه‌واره‌و نوێنه‌راى رێكخراوه‌كان له‌هه‌ولێر تۆماركراوه‌، كه‌ 29 سكاڵایان له‌سه‌ر ده‌نگدانى تایبه‌ت و 61 سكاڵاى دیكه‌شیان له‌سه‌ر ده‌نگدانى گشتى بووه‌، به‌ڵام به‌وته‌ى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران، ئه‌و سكاڵایانه‌ نابێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى قردێڵه‌ى سوور له‌ سندوقه‌كان بدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure