ئه‌مریكا به‌ یاساى (NOpec) دژایه‌تى (OPEC) ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 02/10/2018‌ :: 618‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كانى نه‌وت كۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌نیازه‌ ئه‌و یاسایه‌ ببوژێنێته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ واشنتن ده‌دات سكاڵا دژى وڵاتانى ئۆپێك تۆماربكات، ئه‌و بڕیاره‌ش مه‌ترسى بۆ سه‌ر وه‌به‌رهێنانه‌كانى سعودیه‌ له‌ ئه‌مریكا دروستده‌كات.


به‌پێى هه‌واڵێكى كه‌ناڵى (RT)ى روسى بڕیاره‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى تایبه‌تمه‌ند كۆبێته‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و یاسایه‌ى، رێگرى له‌ هه‌ر گروپ و رێكخراوێك ده‌كات، كه‌ بیانه‌وێت مۆنۆپۆڵى به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ى نه‌وت بكه‌ن، ئه‌وه‌ى پێى ده‌وترێت (NOpec) كه‌ پارێزبه‌ندى سه‌روه‌رى وڵاتانى ئۆپێك هه‌ڵده‌گرێت و بوار به‌ ويلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا ده‌دات بیانداته‌ دادگا.

سه‌رۆكه‌كانى پێشترى ئه‌مریكا دژى یاساى (NOpec) بوون، به‌ڵام له‌سه‌رده‌مى دۆناڵد تره‌مپ ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى زۆره‌، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى تره‌مپ چه‌ندین جار ره‌خنه‌ى له‌ (ئۆپێك) گرت و هه‌ندێكیش پێشبینى ده‌كه‌ن كه‌ نرخه‌كانى نه‌وت بۆ 100 دۆلار به‌رزبێته‌وه‌.

جۆ كاكمونیگل، توێژه‌ له‌بوارى وزه‌ له‌ هیدجاى بوتمام رایگه‌یاند: "ئۆپێك مایه‌ى بێزارى و نیگه‌رانى ترمپه‌.. هه‌موان پێیانوایه‌، پاڵپشتى (NOpec) ده‌كات".

هاوكات له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار رایگه‌یانده‌وه‌، كه‌ سعودیه‌ فشارى خستوه‌ته‌سه‌ر حكومه‌تى ئه‌مریكا بۆ رێگریكردن له‌و بڕیاره‌ و گروپێك كۆمپانیاى نه‌وتى ئه‌مریكاش دژى بڕیاره‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌سه‌ندبكرێت، ره‌نگه‌ وڵاتانى دیكه‌ش رێوشوێنى دژ بگرنه‌به‌ر.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure