جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار رونکردنەوە دەدات

هەواڵ / عێراق :: 02/10/2018‌ :: 3264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات ئەمڕۆ 2ی تشرینی یەکەمی 2018 هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار یەكلایی نەكرێتەوە، هەروەها دەڵێت: "لەڕووی یاساییەوە دەكرێت یەكلاییكردنەوەی پۆستەكە بكەوێتە سبەینێ". 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: ئێستا لەنێو هۆڵی پەرلەمانن بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنی یەكلاییكردنەوەی سەركۆمار، بەڵام پێشبینی ناكات ئەمڕۆ ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە و وتی: "یان ئەوەیە رێژەی یاسایی تەواو نابێت یان ئەگەریش رێژە تەواو بێت و كاندیدەكان بخرێنە دەنگدان،  ئەوا لە گەڕی یەكەمیش یەكلایی نابێتەوە".

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمار، چونكە رۆژی 3ی ئەیلولی 2018 پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد.

لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد: "لەڕووی یاساییەوە دەرچەیەك دەبینرێت بە تەفسیری ئەوەی تا سبەینێش بوار دەبێت بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستەكە، چونكە راستە 3ی ئەیلول یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بووە، بەڵام كە وتومانە تا 2ی تشرینی یەکەم یەكلایی بكرێتەوە وەك حاڵەتی یەدەگ بووە، بەڵام ئێمە تەمەننا دەكەین ئەمڕۆ یەكلایی بكرێتەوە و پارتی و یەكێتی بگەنە رێككەوتن بۆ یەك كاندید".

بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ركابەری توند لەنێوان بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی و فوئاد حسێن، كاندیدی پارتییە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure