رووداوێک 5 قوربانیی لێکەوتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 02/10/2018‌ :: 2581‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2018، لەسەر رێگەی ڕانیە ـ دوکان لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆدا، کەسێک گیانی لە دەستدا و 4 کەسی تریش برینداربوون.


شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان چوارقوڕنە ـ هیزۆپ لە نزیک گوندی گردجان رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی قەمەرە جۆری صەنی و بارهەڵگرێک روویداوە.

وتیشی: "بەهۆی رووداوەکەوە سەرنشینێکی ئۆتۆمبیلی قەمەرەکە کە تەمەنی 62 ساڵە لە رەگەزی نێر گیانی لە دەستداوە کە دانیشتوی ناحیەی چوارقوڕنەیە".

باسی لەوەشکرد: هەر لە رووداوەکەدا چوار کەسی تریش برینداربوون کە دوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.

شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی وت: "لەسەر رووداوەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure