نوێترین زانیاری لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 10052‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە زەحمەتی دەبینێت ئەمڕۆش سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە دەبێت دوای سەرۆك كۆمار، راستەوخۆ گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێ رابگەیەنرێـت، لەكاتێكدا شیعەكان بۆ ئەو مەبەستە رێكنەكەوتوون.

بەپێی زانیارییەكان كه‌ سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراقه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ ئاشكرای كردووه‌: تائێستاش پارتی و یەكێتی لە كۆبوونەوەدان بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەو سەرچاوەیە پێشبینی ناكات ئەمڕۆش ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە و وتی: "یەكلاییكردنەوەی سەرۆك كۆمار تەنها پەیوەندی بە پارتی و یەكێتییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دروستكردنی حكومەتی داهاتووی عێراقیشەوە هەیە".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر ئەمڕۆش سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، دەبێت لە ماوەی چەند رۆژێكدا سەرۆك كۆمار ناوی فراكسیۆنی گەورە رابگەیەنێت و بۆ دروستكردنی حكومەت رایبسپێرێت، تا شیعەكانیش بۆ دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن رێكنەكەون، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش قورس و زەحمەتە.

ئەو سەرچاوەیە وتی "شیعەكانیش شەڕی دوای سەرۆك كۆمار دەكەن و دەبێت بزانن كێ دەبێتە گەورەترین فراكسیۆن، بۆیە دەیانەوێت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوابكەوێت تا دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنیش دوابكەوێت".

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چونكە رۆژی 3-9-2018 پەرلەمانتارانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد.
 
بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ركابەری توند لەنێوان بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی و فوئاد حسێن كاندیدی پارتیدایه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure