ئایا بازاڕی دراوى سلێمانی کاریگەری لەسەر نرخی تمەن هه‌یه‌؟

هەواڵ / ئابوری :: 02/10/2018‌ :: 1386‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
به‌هۆى بوونى دوو ده‌روازه‌ى سنورى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران و نزیكى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ وڵاته‌، بازاڕێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی دراوی تێدایە و بەشێکی زۆری بازرگانان مامەڵەی دراوی تمەنی ئێرانی دەکەن، باس لەوە دەکرێت ئەو بازاڕە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەو نزمبوونه‌وه‌ى به‌هاى دراوى ئێرانى ھەیە.


سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ڕاستە شاری سلێمانی بازاڕێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی دراوى تێدایەو بازرگانانی تمەنیش کاری تیادا دەکەن، بەڵام تائێستا ئێمە ئەو کاریگەریەمان نەدیوە کە بتوانێت لەسەر دراوێکی بیانی ھەیبێت".

وتیشی: "به‌هاى تمەنی ئێرانی پەیوەستە بە بازاڕی بۆرسەی جیھانی و ئەو کاریگەرییە سیاسی و ئابورییەی ئه‌مریكاوه‌، به‌وپێیه‌ى ئه‌گەر ئەو سزا ئابووریانه‌ نەبوایە به‌هاى تمەن به‌وشێوه‌یه‌ دانه‌ده‌به‌زى".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئەو بازرگانییە کەمەی کە لەبازاڕی دراوى سلێمانی پێوە دەکرێت، ناتوانێت یاری پێبکات".

محەمەد ئیبراھیم، لەبازاڕی دراوەکەی سلێمانی بەدواڕۆژی وت " گۆڕانکاری لەنرخی تمەندا لەشاری سلێمانی نییە، به‌ڵكو لەتارانەوه‌ ئەو نرخە دەگۆڕێت، بازاڕی شاری سلێمانی دوای نرخی دراوى ئه‌وێ دەکەوێت، بازرگانانی تمەن لە سلێمانییەوە ناتوانن یاری بەنرخی تمەن بکەن".

وتیشی: "ڕاستە بازاڕى دراوى سلێمانی لە دراوی ئێرانیدا بەھێزە، بەڵام ناتوانێت ئەو یاریە بکات بە نرخی تمەنەوە، دابەزینی تمەن پەیوەستە بە ره‌وشی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتە".

لەئێستادا نرخی تمەنی ئێرانی بەھۆکاری سزاكانى ولایه‌تە یەکگرتووەکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلار و دیناری عێراقی دابه‌زیوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure