نوێترین زانیاری لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەركۆمار

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 50600‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پارتی و یەكێتی دوو كۆبوونەوەیان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەركۆماری عێراق ئەنجامداوە، بەڵام لەهەردووكیدا شكستیان هێناوە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

لەیەكێك لەكۆبوونەوەكانیش یەكێتی پێشنیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كردووە لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو پۆستەی بەغدا بۆ فوئاد حسێن.

بەپێی زانیاریی راست كە دواڕۆژ لەسەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشنیازی پۆستەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە كە بدرێتە یەكێتی لەبەرامبەر پێدانی ئەو پۆستە بە فوئاد حسێن، بەڵام پارتی ئەو پێشنیازەی رەتكردۆتەوە.

بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی رایگەیاندووە: ئەو پۆستەی بەغدا (سەركۆمار)  ئیستیحقاقی خۆیانە و ئەگەر وەری نەگرن باش نابێت بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان".

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، دوو كۆبوونەوەش كراوە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا، بەڵام شكستیان هێناوە.

وتیشی: "دوایین مەوقیف ئەوەیە هەردوو كاندیدەكە دەچنە پەرلەمانی عێراق و نە یەكێـتی و نە پارتی تەنازول ناكەن لەداواكەی خۆیان".

ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەگەڵ سوننەكان پارتی زۆر جوڵاوە و هاوپەیمانی بینا كە نوری مالیكی و هادی عامری-ن، لەگەڵ سوننەكان، پارتی هێناونێتییە سەر ئەوەی دەنگ بە فوئاد حسێن كاندیدی خۆی بدەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure