ھەفتەیەک پشووی فەرمی بۆ بەشێک لەفەرمانبەرانی هەرێم راگەیەنرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 19890‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
ھەفتەی داھاتوو رێوڕەسمی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی لە پەرستگای لالش دەستپێدەکات و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوامدەبێت، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش دەڵێت: "پشووی فەرمی دەبێت بۆ  فەرمانبەرانی ئێزدی".


خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە دواڕۆژی راگەیاند: لە شەشی ئەم مانگە رێورەسمی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی لە پەرستگای لالش دەستپێدەکات.

وتیشی: "جەژنی جەمای ئێزدییەکان جەژنێکی کۆن و درێژترین جەژنە، بەڕێوەچوونی رێورەسمەکانیش لە پەرستگای لالش دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەبۆنەی جەژنی جەما و بەبڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ پشوی فەرمی دەبێت بۆ تەواوی فەرمانبەرانی ئێزدی لە دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان .

بەوتەی ناوبراو، ئێزدییەکان حەوت جەژنیان ھەیە و چوار لەوانە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بە جەژنی فەرمی ناسراون پەسەندکراون، بۆ ئەم ساڵیش رێورەسمی جەژنی جەما لە ١٠/٦ دەستپێدەکات و تا ١٠/١٢ بەردەوام دەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure