له‌گه‌رمیان به‌چه‌ند گرفتێكه‌وه‌ زه‌نگی خوێندن لێدرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 226‌ جار بینراوە
وێنە.. ئەرشیف

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
ئه‌مڕۆ له‌ قوتابخانه‌ی ئاڵای بنه‌ڕه‌تی له‌ قه‌زای كه‌لار زه‌نگی خوێندن بۆ ساڵی 2018-2019  لێدرا و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش ده‌ڵێت: "گرفتی كه‌میی قوتابخانه‌ و مامۆستایان هه‌یه".


له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌روه‌رده‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، له‌ قوتابخانه‌ی ئاڵای بنه‌ڕه‌تی له‌ كه‌لار زه‌نگی خوێندن بۆ وه‌رزی 2018-2019 لێدرا.

دارا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ له‌سنووری گه‌رمیان 85 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌ كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر ٤۰۰ قوتابخانە له‌ سنوری كه‌لار و كفری و خانه‌قین و هه‌روه‌ها 10 هه‌زار مامۆستا وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ و  پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

وتیشی: "له‌ سنوره‌كه‌دا چه‌ند كێشه ‌و گرفتێكیان له‌بواری په‌روه‌رده‌دا هه‌یه‌ له‌ناویاندا گرفتی كه‌می قوتابخانه ‌و ژماره‌ی مامۆستا و مامۆستای پسپۆر".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ هه‌وڵەكانیان به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ و لەئێستا توانیویانه‌ حه‌وت پڕۆژه‌ی دروستكردنی قوتابخانه‌ بخه‌نه‌وه‌ گه‌ڕ و چوار له‌و قوتابخانانه‌ كاریان تێدا ده‌كرێت و به‌و هاوكارییانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و پێداویستی دیكه‌ی قوتابخانه‌كان دابین ده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure