وەزیری پەروەردە: هەوڵدەدەین پاشەكەوتی مووچە نەهێڵین

هەواڵ / کوردستان :: 02/10/2018‌ :: 1550‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: پێویستیان بە 400 باڵەخانەی نوێ هەیە بۆ قوتابخانە و ئاشكراشیدەكات: ئەمساڵ 2000 قوتابخانەیان نۆژەنكردۆتەوە.

پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە لەدوای لێدانی یەكەم زەنگی خوێندنی ئەمساڵ، بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: پڕۆسەی پەروەردە درێژخایەنە و پێویستی بەپاڵپشتی هەیە و ساڵی داهاتوو هەوڵدەدەین گرفتە داراییەكان  نەمێنن.

وەزیری پەروەردە لەیەكەم رۆژی دەستپێكی خوێندنی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ی هەرێم وتیشی: "لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم، هەوڵدەدەین پاشەكەوتی مووچە نەهێڵین".

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە زیاتر لە 5000 مامۆستامان بەگرێبەست دانا و بۆ ئەمساڵیش تەنها وانەبێژ وەردەگرین بەگرێبەست بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیانە.

بەوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێم، 300 باڵەخانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نۆژەنكردنەوەی وەستاوە و پێویستمان بە 400ی دیكە هەیە، هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد، 2000 قوتابخانەیان نۆژەنكردۆتەوە.

پشتیوان سادق راشیگەیاند: ئەمڕۆ لە پۆلەکانی بنەڕەتی 125هەزار خوێندکار دەست بە دەوامی خوێندن دەکەن، وتیشی: "بابەتی توندوتیژی و ژینگەپارێزی و یەکتر قبوڵکردن لە بابەتی خوێندن زیاد کراوە.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار خوێندکار لە هەرێم هەیە و دابەشبوون بەسەر شەش هەزار خوێندنگەدا.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەئیستادا کارکردن لە 300 باڵەخانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە وەستاوە، ئەوەش لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 400 باڵەخانەیە بۆ کردنەوەی خوێندنەگەی نوێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی پەروەردەوە دراوەتە دواڕۆژ، بۆ وەرزی نوێی خوێندن (2018-2019) سەرجەم مێز و کورسی خوێندنگەکان نۆژەندەکرێنەوە یان هی نوێ دەکڕن.

وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەت بریتییە لە 186 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر. لەو رێژەیەش، لەسەدا 60ی لە رەگەزی مێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure