چاودێری بازرگانی سلێمانی کار بۆ ھەرزانکردنی نرخی تەماتە دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 01/10/2018‌ :: 2937‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد 
بەهۆی رێگریکردن لە هەناردەکردنی تەماتە لەلایەن ئێرانەوە، لەئیستادا نرخی تەماتە لە عەلوەکانی سلێمانی بەرزبۆتەوە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی شارەکەش رایدەگەیەنێت: لەگەڵ قایمقامییەتی سلێمانی کار بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی دەکەین.


سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "تەماتە خواردنێکی رۆژانەی ھاوڵاتیانە و ناکرێت نرخی بەرزبێتەوە، لەگەڵ قایمقامییەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوە دەکەین و چارەسەری بەپەلە و گونجاو دەدۆزینەوە".

لەئێستادا لە عەلوەی سلێمانی، نرخی کیلۆیەک تەماتە لەنێوان 1250 دینار بۆ 1750 دینارە بەپێی جۆری تەماتەکە، لەبازاڕیشدا بە 2000 بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت. هاوکات سامان ئیسماعیل، لێپرسراوى هۆبه‌ى گومرگى و چاودێرى عه‌لوه‌ى سلێمانى بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو: رۆژانە سێ هەزار و 500 تەن تەماتە داخلی عەلوەی سلێمانی دەکرێت.

لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی تەماتە، عەتا محەمەد نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەئێرانەوە تەماتە هاوردە ناکرێت بۆیە نرخەکەی گرانبووە، ئەو تەماتەیەی لە پێنجوێنیش بەرھەمدەهێنرێت گەر نەڕواتە سلێمانی کاریگەری لەسەر نرخ دەبێت".

وتیشی: "رۆژانە لە قەزای پێنجوێن 225 تەن تەماتە بەرھەمدەهێنرێت، 200 تەنی دەڕواتە دەرەوەی سلێمانی و بۆ شارەکانی خواروی عێراق دەبرێت، گەر ئەو بەرھەمە بێتەوە سلێمانی نرخی تەماتە ھەرزان دەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، گەر جوتیارانی ناوخۆ لەخانووە پلاستیکیەکان گرنگی بەوە بدەن چوار وەرزە تەماتە بەرھەمبێنن ئەوا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران بەھۆی کەمبونی تەماتە و بەرزبونەوەی نرخ لە وڵاتەکەی بەبڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بەرھەمی تەماتەی بۆ دەرەوە قەدەغەکردووە.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure