دیارترین ئه‌و كاندیدانه‌ى زۆرترین ده‌نگیان له‌ لیسته‌كانیان هێناوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/10/2018‌ :: 95751‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ناوى ژماره‌یه‌ك له‌و كاندیدانه‌ى زۆرترین ده‌نگیان له‌سه‌ر ئاستى لیسته‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى دواڕۆژ له‌ ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ده‌ستیكه‌وتووه‌: زۆرترین ده‌نگى لیستى یه‌كێتى بۆ قوباد تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى لیست چووه‌ و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش ده‌ڵێن زیاتر له‌ 200 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه‌.

هاوكات له‌ لیستى پارتى دیموكراتى كوردستان جه‌لال په‌رێشان، کاندیدی پارتی لە پارێزگای هەولێر رێژه‌یه‌كى به‌رچاوى ده‌نگه‌كانى حزبه‌كه‌ی بەدەستهێناوە و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن لە پلەی یەکەمدایە و پێش سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ كه‌وتووه‌.

له‌ لیستى گۆڕانیش هه‌ریه‌ك له‌ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح و شیرین ئه‌مین و گۆرانى ئینزبات زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌، به‌جۆرێك عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكى لیست پله‌ى یه‌كه‌م و شیرین پله‌ى دووه‌مى ده‌نگه‌كانى گۆڕانیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، شیرین ئه‌مین، له‌سه‌ر ئاستى كاندیده‌ ئافره‌ته‌كانى سه‌رجه‌م لیسته‌كان زۆرترین ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه‌ و به‌بێ پێویستى به‌ سیستمى كۆتا ئه‌ندامێتى په‌رله‌مانى مسۆگه‌ركردووه‌.

دوێنێ 30ی ئه‌یلولی 2018 له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، دەنگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا سێ ملیۆن و هه‌شتا و پێنج هه‌زار و چل و یه‌ك كه‌س مافی دەنگدانیان هەبوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا 773 كاندید له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ركابه‌رییان بۆ به‌ده‌ستهێنانی 111 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ پێویسته‌ 31%ی په‌رله‌منتاره‌كان ژن بن.

له‌كۆی 773 كاندید 534 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و 241 كه‌س له‌ ره‌گه‌زی مێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure