پارتی: له‌نێوان 41 بۆ 44 كورسی بەدەستدێنین

هەواڵ / کوردستان :: 01/10/2018‌ :: 2032‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیەنێت: پێشبینى ده‌كرێت پارتی له‌نێوان 41 بۆ 44 كورسی بەدەستبهێنێت.


خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ى تشرینى یه‌كه‌م لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئومێد ده‌كه‌ین كۆمسیۆن به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سكاڵای لایەنە سیاسییه‌كان بكات و نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی هیچ لیست و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی.

وتیشی: 256 بنكەی دەنگدان ئامارەكانیان نەگەڕاوەتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی تائێستا زیاتر لە 520 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی سكاڵاكانیان لە قەزای كۆیە و سلێمانین كە تۆماریان كردووە.

خەسرەو گۆران راشیگەیاند: هێشتا 20%ی كۆی دەنگەكان و دەنگی تایبەت ماون هەژماربكرێن و زووە بڵێین چەندمان هێناوە، بەڵام لەكۆی 80%ی دەنگە جیاكراوەكان، پارتی 40%ی بەدەستهێناوە.
 
گۆران ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌ هیواین رێژه‌یه‌كی زۆری كۆی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی گشتی ببه‌ینه‌وه‌ و رێژه‌یه‌كی زۆری كورسیی په‌رله‌مانی به‌ ده‌ستبهێنین.

دوێنێ 30ی ئه‌یلولی 2018 له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، دەنگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا سێ ملیۆن و هه‌شتا و پێنج هه‌زار و چل و یه‌ك كه‌س مافی دەنگدانیان هەبوو.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا 773 كاندید له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ركابه‌رییان بۆ به‌ده‌ستهێنانی 111 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ پێویسته‌ 31%ی په‌رله‌منتاره‌كان ژن بن.

له‌كۆی 773 كاندید 534 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و 241 كه‌س له‌ ره‌گه‌زی مێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure