پێشبینى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ده‌كرێت
په‌رله‌مان ئه‌مشه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 01/10/2018‌ :: 1259‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ی په‌رله‌ماندا سه‌رۆك كۆمار به‌ ده‌نگدان دیاریده‌كرێت، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ده‌ڵێت "تاوه‌كو ئێستا فراكسیۆنه‌ كورده‌كان رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر دیاریكردن یه‌ك كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌". 

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كه‌ دواڕۆژ وێنه‌یه‌كی به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌، ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان كاتژمێر 8ی ئێواره‌ كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار. 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان نه‌یانتوانیووه‌ سه‌ركه‌وتووببن له‌ پێشه‌كه‌شكردنی یه‌ك كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌، دیاریترین ئه‌و كاندیدانه‌ش كه‌ له‌ لیستی كاندیده‌ كورده‌كانن بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و فوئاد حسێن، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌. 

حه‌سه‌ن ئالی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی، به‌ دواڕۆژی وت: "هه‌تاوه‌كو ئێستا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر یه‌ك كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌"، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "شاندێكی باڵای یه‌كێتی له‌ئێستادا له‌ به‌غدان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار". 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌شار كیكی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر فراكسیۆنی پارتی به‌ دواڕۆژی وت: "هه‌تاوه‌كو ئێستا هیچ لێدوانێك له‌نێوان فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان نییه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر بوونی یه‌ك كاندید، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش له‌نێوانیاندا نه‌بێت، ئه‌وا هه‌مووان ده‌چنه‌ په‌رله‌مان و له‌وێدا ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌ كاندیده‌كانی سه‌رۆك كۆمار". 

لای خۆیه‌وه‌، تارق حه‌رب، شاره‌زایه‌كی یاسایی به‌ دواڕۆژی رایگه‌یاند: پێشبینی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كات له‌مشه‌ودا، جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ هیچ پێویست ناكات دوابخرێت بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌. 

ئه‌و شاره‌زایه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ پێویسته‌ دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگ بده‌ن به‌ كاندیدێك بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌نگی 220 ئه‌ندام ده‌كات،  ئه‌وه‌شيخستووته‌ڕوو كه‌ ئه‌و كاره‌ش ئه‌سته‌مه‌ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌دا به‌ده‌ستبێت. 

تارق حه‌رب، وتیشی: "له‌ گه‌ڕی دووه‌مدا، ئه‌و كاندیدانه‌ی كه‌ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌مدا زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌ ده‌كه‌ونه‌ كێبڕكێكه‌وه‌، ده‌كرێت گه‌ڕی دووه‌م راسته‌وخۆ دوای گه‌ڕی یه‌كه‌م بكرێت". 

شاره‌زاكه‌ جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ رێگرییه‌ك نییه‌ له‌به‌رده‌م دواخستنی گه‌ڕی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ی بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌، چونكه‌ ماوه‌ی ده‌ستوری بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ كۆتایی دێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure