كه‌مبونه‌وه‌ى ده‌رمان تراژیدیاى مه‌رگ روبه‌ڕووى هاوڵاتیانی ئێران ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 01/10/2018‌ :: 2351‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاره‌زوو محه‌مه‌د
دوای دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، نه‌بوون و كه‌مى و گرانی ده‌رمان له‌ هه‌موو لایه‌كى ئێران سه‌ریهه‌ڵداوه و ئه‌مه‌ش یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانی ساڵانی 2012 و 2013 بیرى هاوڵاتیان ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ نرخی دراوى فه‌رمى ئێرانى له‌ 1050 تمه‌نه‌وه‌ بۆ 1226 تمه‌ن و له‌ بازاڕی ره‌شیش له‌ 1900 تمه‌نه‌وه‌ بۆ 3200 تمه‌نه‌وه‌ به‌رزبووه‌ و ئه‌و به‌رزبونه‌وه‌یه‌ش زۆرترین كاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌رمان و نه‌خۆشه‌كان دانابوو و به‌تایبه‌تیش نه‌خۆشانى سالاسیما.


له‌ وتارێك كه‌ له‌ ئاژانسی (ئیلنا)ی ئێرانی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ پرسیارێك روبه‌ڕووى حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئایا ئاگاداری گیانله‌ده‌ستدانی نه‌خۆشانى سالاسیمایه‌ له‌ ماوه‌ى دوو مانگى رابردوودا؟

مه‌یسه‌م ره‌مه‌زانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نه‌خۆشانی سالاسیمای ئێران له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌ڵێت: له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌دا 36 نه‌خۆشی سالاسیما به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پزیشكی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

قه‌یرانی ده‌رمان ته‌نها تایبه‌ت نیه‌ به‌ نه‌خۆشانى سالاسیما، به‌ڵكو ده‌رمانی تووشبوانی نه‌خۆشی هیپه‌تایتس B كه‌مه‌ و ئه‌مه‌ش شه‌پۆلێك ترس و دڵه‌ڕاوكێى لاى ژنانی دووگیان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵه‌كانیان ئه‌گه‌رى تووشبونى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ كوشه‌نده‌یه‌یان هه‌یه‌.
ئه‌مپیسیلین
ئێران بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌می ده‌رمان، ده‌رمان له‌ وڵاتى چین هاورده‌ ده‌كات، كه‌ زۆریان ساخته‌ن و بوونه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی دیكه‌ی بۆ سه‌ر ژیانی نه‌خۆش و له‌و ماوه‌یه‌شدا پێنج كه‌س به‌هۆی ده‌رزی ئه‌مپیسیلینى چینی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشدا هه‌واڵى گیان له‌ده‌ستدانى چه‌ندین كه‌س به‌هۆی قه‌یرانی ده‌رمانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری ئه‌و نه‌خۆشانه‌ به‌ دواڕۆژیان راگه‌یاند: نه‌بوونی ده‌رمانی سالاسیمیا ژیانی منداڵه‌كانیانی خستوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئارام حه‌میدی، باوكی سێ نه‌خۆشی سالاسیمیایه‌ به‌ دواڕۆژی وت: ژیانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ قورسترین ئاستدایه‌ و جگه‌ له‌ بابه‌تی گرانی، ئه‌وان ده‌بێت بۆ ده‌سكه‌وتنی ده‌رمان بچنه‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی ئێران یان داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌ویش دوای ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌متر له‌ ئاستی پێویست پێیان ده‌درێت، ئه‌وان داوا له‌ به‌رپرسان ده‌كه‌ن له‌ كێشه‌ و خه‌می ئه‌وان تێبگه‌ن و هاوكارییان بن بۆ رزگاركردنی ژیانی جگه‌ر گۆشه‌كانیان.

له‌ شاری بانه‌ش ژنێكی گه‌نجی دووگیان له‌ كاتی له‌دایكبوونی كۆرپه‌له‌كه‌ی به‌هۆی كه‌می ده‌رمانی بێهۆشكه‌ر و ده‌رمانى دیكه‌ی پێویست، گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ شاری پیرانشاریش بنه‌ماڵه‌یه‌ك، كه‌ نه‌یانویست ناویان ئاشكرابكرێت و خاوه‌ن پێنج منداڵی تووشبوو به‌ سالاسیمیان، به‌ دواڕۆژیان راگه‌یاند" ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وان له‌ هه‌ژاری و بێ چاره‌یدا، ناچارده‌بن منداڵه‌كانیان بده‌ن به‌و خانانه‌ی سه‌رپه‌رشتی منداڵانی نه‌خۆش و بێسه‌رپه‌رشت ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێى ئاژانسی ئیلنا به‌رپرسانی ئێران تائێستاش به‌رده‌وامن له‌ شاردنه‌وه‌ی قه‌یران و گرانی ده‌رمان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure