ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كۆتایى هات

هەواڵ / کوردستان :: 30/09/2018‌ :: 1033‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاواره‌ حه‌مید 
وه‌ك ئه‌وه‌ى بڕیارى لێدرابوو كاتژمێر 6ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ كۆتایى به‌ پڕۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان هات.


كاتژمێر 8ى به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلول له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رگاى ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران بۆ په‌رله‌مانى كوردستان كرانه‌وه‌.

به‌پێى ئاماره‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى رێژه‌ى به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ تا كاتژمێر 3ى پاش نیوه‌ڕۆ  22.96% بووه‌.

په‌یامنێرانمان له‌ شاره‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ پێیان راگه‌یاندین له‌ كاتژمێر 6ى ته‌واو ده‌رگاى ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان داخراون و (كه‌مێكى تر) پڕۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌ستپێده‌كات.

دواڕۆژ ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ده‌نگدان به‌پێى وێستگه‌ و ناوه‌نده‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌.


هاوكات ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلول شێروان زرار وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كاتژمێر شه‌شى سه‌ر له‌ ئێواره‌ى بنكه‌كانى ده‌نگدان  داده‌خرێن و هه‌ر بنكه‌یه‌ك دواى ئه‌و واده‌یه‌ بكرێته‌وه‌ رێوشوێنى توند له‌دژى ده‌گیرێته‌به‌ر.

شێروان زرار ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ر بنكه‌یه‌ك له‌دواى كاتژمێر شه‌ش ده‌نگدان تیایدا به‌رده‌وام بێت ئه‌نجامه‌كانى  هه‌ژمار ناكرێت.  

به‌پێى بڕیارى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمى كوردستانیش له‌دواى داخستنى بنكه‌كانى ده‌نگدان ئه‌و كارته‌ به‌تاڵانه‌ى ده‌نگدان كه‌ پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌ ره‌شده‌كرێنه‌وه‌.   



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure